بەرزبونەوەی نرخی كاڵا و خۆراك لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا

21/12/2020

نەوا
رەمزی گۆمەشینی هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە ئابوری –دا دەڵێت "بڕیاری دابەزاندنی بەهای دیناری عیراقی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریكی، كاریگەرییەكی خراپی لەسەر خەڵك دەبێت و دەبێتەهۆی بەرزبونەوەی نرخی كاڵا و كەلوپەلەكان".
دابەزاندنی بەهای دیناری عیراقی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریكی جموجوڵ و قەرەباڵغییەكی زۆری لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر دروستكردووە، بەشێك لە خەڵكی بە ئامانجی بەدەستهێنانی قازانج، دۆلار دەكڕن و ئەوانەیشی كە دۆلاریان بە هەرزان كڕیوە ئێستا دەیفرۆشنەوە.
ئەم بێنەو بەردەیەی كڕیار و فرۆشیاران لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، قەرەباڵغییەكی دروستكردووە كە ساڵانێكی زۆرە بازاڕەكە ئەوەندە خەڵكی تیادا كۆنەبووەتەوە.

 

یەكێك لە مامەڵەكارانی دراو لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر كە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بواری ئابووری و خۆی بە رەمزی گۆمەشینی بە ئاژانسی ئەنادۆڵ ناساندوە، وتویەتی "رێژەی ئاڵوگۆڕی دراو و خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕدا بە نزیكەیی لەسەدا ٤٠ زیادیكردووە، خەڵك دەیەوێت ئەو دینارەی لە ماڵەوە هەیەتی بیكاتە دۆلار، هەندێكیش مەبەستیان ئەوەیە ئەگەر بەهای دۆلار زیاتربوو قازانجی لێ بكەن، هەندێكیشیان ئەوانەن كە بە دۆلار كاڵایان كڕیوە و بە دینار فرۆشتوویانە و نەیانكردووەتەوە دۆلار، ئێستا دێن بەخێرایی ئەو دینارەی لەبەردەستیانە دەیكەنە دۆلار تا زیانێكی زیاتر نەكەن".
دەشڵێت "بڕیاری دابەزاندنی بەهای دیناری عیراقی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریكی كاریگەرییەكی خراپی لەسەر خەڵك دەبێت و دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و كەلوپەلەكان، ئێمە وڵاتێكی بەكارهێنەرین نەوەك وڵاتێكی بەرهەمهێنەر، ئەو كاڵایانەش كە هاوردەی دەكەین بە دۆلار لە دەرەوە دەكڕدرێت، لەبەرئەوە نرخەكەی لەسەر هاووڵاتی زیاد دەبێت و زەرەر دەكەن".
هەروەها وتی "مەرجیش نییە گرانبوونی نرخی كاڵا و كەرەستەكان لە بازاڕدا، بەڕێژەیەكی زۆربێت، چونكە هاوتەریب لەگەڵ كەمبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، بەهای تمەنی ئێرانی و لیرەی توركیش بەرامبەر دۆلار دابەزیوە، بۆیە ئەمە كاریگەریەكە كەمتر دەكاتەوە".
پێچەوانەی بازاڕی دراو كە جمەی دەهات لە خەڵك، بازاڕی كاڵا و كەرەستە و پێداویستییەكانی رۆژانەی خەڵك، بەراورد بە رۆژانی رابردوو، چۆڵتر و بێ بازاڕ دەبینرێت.

 


بەشێك لە دوكاندارەكان هۆكاری ئەو چۆڵییەیان بۆ ناجێگیری نرخی دراو و نیگەرانی خەڵك دەگەڕاندەوە كە نازانن نرخەكان چی لێدێت، بۆیە جارێ نایانەوێت هەموو شتێك بكڕن.
فرۆشیارێكی كەرەستە خۆراكییەكانی رۆژانە بە ناوی عەبدوڵڵا عەلی لە بازاڕی شێخەڵڵا لە هەولێر وتی "ئەشیای ئێمە هەمووی لەگەڵ دۆلارە، كەمێك بەرلە ئێستا 10 كارتۆن رۆنی زەیتم بۆهات جاران هەر دەبەیەكی پێنج لیتری لەو زەیتە بە حەوت هەزار دینارم دەدا بە كڕیار، ئێستا ئەوەی ئەمڕۆ بۆم هاتووە هەر دەبەیەكی 10 هەزار و 500 دینار لەسەر خۆم كەوتووە".
وتیشی "ئەمڕۆ بەهۆی ئەم دۆخەوە بازاڕ هیچ نەبووە، كارمان وەستاوە و خەڵك نازانێت بازاڕ چی لێ دێت، بۆیە كەس هیچ ناكڕێت".

هەروەها ناوبراو وتی "هەر كەرەستەیەك لەم دوكانی مندا بە نموونە وەربگرین نرخەكەی لەچاو پێشتر چووەتە سەری، بەڵام نازانم بەڕێژەی چەند، بۆ نموونە، چا پێشتر كیلۆیم بە حەوت هەزار دینار دەفرۆشت ئێستا كیلۆگرامی بوەتە 10 هەزار دینار، چونكە ئەمڕۆ چووم كڕیومە سێ هەزار دینار زیاتریان لە من سەندووە".
هەروەك مەروان حیسامەددین فرۆشیاری جلوبەرگ لە بازاڕی هەولێر دەڵێت "بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار زۆر كاریگەری لەسەر بازاڕ و نرخی كاڵاكان هەبووە، بۆ نموونە ئەم قەمسەڵەیە پێشتر بە 20 هەزار یان كەمتریش دەمهێنا، ئێستا بووەتە 25 هەزار دینار، من بە چەند بیفرۆشم دەبێت بیدەم بە 30 هەزار دینار و بەو پارەیەش كەس نایكڕێت، ئەمە چاكەتێكی دیكەیە بە هەشت بۆ نۆ هەزار دینار دەمهێنا، ئێستا ئەمڕۆ بووەتە 12 هەزار دینار منیش دەبێت بە خەڵكی بدەم بە 15 هەزار دینار و كەسیش بەو پارەیە نایكڕێت ئەڵێن تەنكە".
وتیشی "هەموو كاڵاكان بەپێی گرانی و هەرزانییەكەی نرخەكانی زیادیكردووە، هەندێكی سێ هەزار یان چوار هەزار یان 10 هەزاری چووەتە سەر، بۆ نموونە قەمسەڵەم هەیە پێشتر بە 22 دۆلار دەمهێنا، ئەمڕۆ كردوویانە بە 30 دۆلار".
هەروەها ناوبراو دەڵێت "ئێستا لە بازاڕدا كڕیاریش زۆر كەمبووەتەوە و بەكەمی خەڵك دێت بۆ شت كڕین، ئێستا هەم گرانی سەریهەڵداوە هەم بێ بازاڕی".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group