وته‌بێژی پارتی: حكومڕانی ئێستای كوردستان سه‌رتاسه‌ری نییه‌

19/01/2021

نه‌وا
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە پڕۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی بۆ نراوە، بەڵام هەندێک گرفتی هاتوەتە بەردەم کە بەشێکییان پەیوەندی بە حکومەتی فیدڕاڵەوە هەیە و دەشڵێت:"حکومڕانی ئێستای کوردستان سەرتاسەریی نییە، ئەوەش خاڵێکی رێککەوتنەکانە کە جێبەجێ نەکراوە".
مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ سایتی سبه‌ی باس لەوە دەکات کە لەگەڵ لایەنەکانی حکومەتی هەرێم لەسەر ئەوە سوربون چاکسازی لە ناوخۆی کوردستان ئەنجام بدرێت و قۆناغەکە پێویستی بە چاکسازییە و لە کارنامەی کابینەی نۆیەمیشدا چەسپێندرا و بوە بەشێک لە کارنامەی حکومەتی هەرێم و پڕۆژەیەکیش ئامادەکرا کە دەستپێکێک بو بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، "بەڵام کۆمەڵێک ئاستەنگی هاتە بەردەم".
هەروەک پێیوایە حکومڕانی ئێستای کوردستان سەرتاسەریی نییە و باس لەوە دەکات لە رێککەوتنیان لەگەڵ گۆڕان و یەکێتیش ئەوەیان چەسپاندوە کە حکومڕانی ئەم وڵاتە دەبێت سەرتاسەری بێت، "بەڵام ئەوە یەکێکە لەو خاڵانەی رێککەوتنەکە کە جێبەجێ نەکراوە و کۆمەڵێک کێشە دروست دەکات بۆ ئەوەی یاسا و رێنماییانەی دەردەچێت بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی کاروبارەکان لە هەمو شوێنێک وەک یەک جێبەجێنەکرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group