لاهور شێخ جەنگی: تاكڕەویی و كەمتەرخەمی كەمینەیەك بوونە هەڕەشە بۆ سەر ئەزمونەكەمان

05/03/2021

نەوا
هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، تاكڕەویی وهەلپەرەستی و كەمتەرخەمیی كەمینەیەكی خۆسەپێن، بوون بە هەڕەشە بۆسەر ئەزموونی هەرێم.
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە پەیامێكدا بە بۆنەی ساڵیادی راپەڕینەوە رایگەیاند، لەم رۆژگاری نادڵنیاییەدا، كە تاكڕەویی وهەلپەرەستی و كەمتەرخەمیی كەمینەیەكی خۆسەپێن، بوون بە هەڕەشە بۆسەر ئەزموونەكەمان، خەڵكی كوردستان دەیانەوێت بزانن، ئەو ئازادی، ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسینەی كە یەكێتی لەپێناودا دامەزراوە، بە كوێ دەگات.
راشیگەیاندووە، ئەمڕۆ و 30 ساڵ دوای راپەڕین، خەڵكی كوردستان دەیانەوێت دڵنیابن كە سەروەریی یاسا و ئازادییەكان، ئاسایشی كار و پیشەیان‌، مووچە و قووت و كەسابەت و ژیانیان، لەدەست كەمینەیەكی مشەخۆر، پارێزراو بێت.
هاوسەرۆكی یەكێتی لە كۆتاییدا رایگەیاندووە، هەوڵی راستكردنەوەی ئەم مۆدێلە چەوتە لە حوكمڕانی دەدەین و رێگە نادەین هەڵەی كەمینەیەك، راپەڕینە شكۆدارەكەمان لەكەدار بكات و ئەو رووباری خوێن و ئەو قوربانیدانەی میللەتەكەمان لەم پێناوەدا بەخشیوونی، بە فیڕۆ بڕوات.

دەقی پەیامەكە:

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
  پێشمەرگە قارەمانەكان
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
پیرۆزبایی (30) هەمین ساڵیادی راپەڕینتان لێ دەكەم. 30  ساڵ لەمەوبەر، لە رۆژێكی پیرۆزی وەكو ئەمڕۆ و، لە دەروازەی سەوزی راپەڕینەوە، تۆماری دەیان ساڵ تەعریب و تەبعیس، قڕكردن و كاولكاریی رژێمی بەعسی خوێنڕێژ پێچرایەوە. لە راپەڕیندا، رووناكی بەسەر تاریكی، ئازادیی بەسەر ژێردەستەیی، گەردن بەسەر پەتی سێدارە، دایكی شەهید بەسەر كۆست و، یەكێتییەكەتان بەسەر دوژمندا سەركەوت. راپەڕین، بەرهەمی خوێنی دەیان هەزار شەهید، بەرئەنجامی شۆڕشی نوێ و، بەشداریی و پشتیوانیی كارایانەی كۆمەڵانی خەڵك و، چەپكە گوڵی هەڤاڵ مام جەلال بوو بۆ گەلی كوردستان.
لەم ساڵیادەدا وەفادارین بەرامبەر یادەوەری و پیرۆزییەكانمان، لەوەش گرنگتر ئەوەیە لەیادمان بێت كە خەڵكی كوردستان، تەنها بە یادەوەری ناژی. بەڵكو كۆمەڵانی خەڵك، داواكاری ئێستایەكی ئازاد و خزمەتگوزار، ژیانێكی شایستە و ئایندەیەكی باشترن. لەم رۆژگاری نادڵنیاییەدا، كە تاكڕەویی وهەلپەرەستی و كەمتەرخەمیی كەمینەیەكی خۆسەپێن، بوون بە هەڕەشە بۆسەر ئەزموونەكەمان، خەڵكی كوردستان دەیانەوێت بزانن، ئەو ئازادی، ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسینەی كە یەكێتی لەپێناودا دامەزراوە، بە كوێ دەگات.
بەها باڵا سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی یەكێتی، هیواكانی خەباتی رزگاریی نیشتمانی، و دەسكەوتەكانی راپەڕین - كە دەیان هەزار شەهید و تێكۆشەری قارەمان گیانی خۆیان لەپێناو بەخشی، چییان لێ دێت. كێ كوردستانەكەمان لە داگیركاری، لە مشەخۆری و قۆرغكاریی دەسەڵاتێكی ناپەسەند دەپارێزێ و رزگار دەكات. ئەمڕۆ و٣٠ ساڵ دوای راپەڕین، خەڵكی كوردستان دەیانەوێت دڵنیابن كە سەروەریی یاسا و ئازادییەكان، ئاسایشی كار و پیشەیان‌، مووچە و قووت و كەسابەت و ژیانیان، لەدەست كەمینەیەكی مشەخۆر، پارێزراو بێت.
خەڵكی كوردستان مافی خۆیانە داوا بكەن كە هەرێمەكەمان نەكرێت بە قوربانیی ململانێی شەخسی، بوژاندنەوەی ناوچەكەمان‌ نەدرێتە بەر ڤیتۆی پلانێكی حزبی، حوكمڕانیی تێكەڵ بە حەزی بنەماڵە نەكرێت و، بەرژەوەندیی تایبەت و كەلە رەقیی سیاسی، سەری دەسكەوتەكانی راپەڕین نەخوات. تێگەیشتن لەم داوا رەوایانە، ئەوەندی تر هانمان دەدات كە راستگۆ و راشكاو بین لەگەڵ میللەتی خۆمان. بۆیە زۆر راشكاوانە و‌ لەم ساڵیادەی راپەڕین دا، رایدەگەیەنم كە هەرێمی كوردستانی عێراق، كێشەی بنچینەیی هەیه. 
رەوتی رێكردنی ئەم چەند ساڵەی دوای راپەڕین،  ئاراستەی هەڵە و، پێچەوانەی چاوەڕوانییە نیشتمانییەكانی وەرگرتووە و، پێویستە راست بكرێتەوە، و ئەگەر فریا نەكەوین، راپەڕینەكەمان، سەری دروشمەكانی دەخوات. من و هاوبیرەكانم لە ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەم‌ پرسیار و كێشە و پێویستییە بنچینەییانە، لە نیگەرانی و داواكارییە رەواكانی گەلەكەمان تێ دەگەین و بەشانازییەوە، نوێنەرایەتی دەكەین. بۆیە لەم رۆژە مێژووییەدا و هەر لەم مینبەرە كراوەیەوە، رایدەگەیەنم ‌ لە چوارچێوەی هەماهەنگیی سیاسی و نیشتمانی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان، پشتئەستوور بە پشتیوانیی كەسوكاری شەهیدان، پشتئەستوور بە پشتیوانیی خەڵكی كوردستان‌، هەوڵی راستكردنەوەی ئەم مۆدێلە چەوتە لە حوكمڕانی دەدەین و، رێگە نادەین هەڵەی كەمینەیەك، راپەڕینە شكۆدارەكەمان لەكەدار بكات و ئەو رووباری خوێن و ئەو قوربانیدانەی میللەتەكەمان لەم پێناوەدا بەخشیوونی، بە فیڕۆ بڕوات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group