گۆڕان: راپەڕین بۆ ئازادی بوو كەچی ئێستا دەسەڵات ئازادی زەوت كردوە

05/03/2021

نەوا
بزوتنەوەی گۆڕان لە یادی راپەڕینی خەڵكی كوردستاندا رایگەیاند: راپەرینی خەڵك بۆ ئازادی و دادپەروەری بو، بەڵام ئێستا دەسەڵات ئازادی زەوت كردوە و ھاوڵاتی لەسەر دەربڕین زیندانی دەكرێ و زۆرترین و خراپترین نادادی لە داھات و سامانی ئەم وڵاتە دەكرێت.
لە پەیامێكدا بەبۆنەی تێپەڕینی (30) ساڵ بەسەر راپەڕینی گەلی كورد دژ بە رژێمی بەعس بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە، "‎ئەمڕۆ نەوەیەك لە كوردستاندا پێ گەیشتوە كە تاڵی و سوێری رژێمی بەعسی نەبینیوە، بەڵكو ئەوەی بڕستی لەوان و لە تەواوی كۆمەڵگا‌كەمان بڕیوە نەبونی سەروەری یاسا، شەفافیەت، عەدالەتی كۆمەڵایەتی، بونی مەحسوبیەت و گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی.
راشیگەیاندووە، لە كاتێكدا راپەرینی خەڵكی كوردستان بۆ ئازادی بو، كەچی ئێستا دەسەڵات ئازادی زەوت كردوە و هاوڵاتی لەسەر دەربڕین ئەشكەنجە دەدرێ و زیندانی دەكرێ، راپەرین بۆ رزگاری بو لەستەم و زوڵم و كوشتن، كەچی دەسەڵات خەڵك دەكوژێ تەنها لەبەرئەوەی لەخۆپیشاندانێكدا داوای مافی رەوای خۆی دەكات.
بزوتنەوەی گۆڕان باسی لەوەشكردووە، ‎سەرەڕای خراپی دۆخی ژیان و گوزەران و ئەو هەمو نادادییە، ئێستا لە رێگەی لێشاوێك لە میدیای نابەرپرسیار و ئاڕاستەكراو كار لەسەر شێواندنی دەرونی خەڵكی كوردستان و نانەوەی دوبەرەكی و شەڕێكی نابەرپرسانە دەكرێت، كە سەرلەبەری ئەم هەنگاوانە پێچەوانەی ئامانجەكانی راپەڕین و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان و پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستانە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group