وردەكاری كۆبونەوەكەی سیستانی و پاپا

06/03/2021 عێراق

نەوا-
نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق سەبارەت بە دیدارەكەی سیستانی لەگەڵ پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان بڵاویكردەوە: باسی ئەو ئاڵنگاریانە كراوە كە روبوڕوی مرۆڤایەتی بونەتەوە و هەروەها جەخت لەوە كراوەتەوە كە مەسیحیەكانیش وەك سەرجەم پێكهاتەكانی تر لە عێراقدا بژین.
نوسینگەی عەلی سیستانی دوای كۆبونەوەی ناوبراو لەگەڵ پاپای ڤاتیكان لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە: لە دایدەرەكەدا هەردولا گفتوگۆیان لەسەر ئەو ئاڵنگارییانە كردوە كە روبەرووی مرۆڤایەتی بونەتەوە.
ئەوەش هاتوە: هەروەها باس لە رۆڵی باوەڕ بە خودا و بە پەیامەكانی و پابەندبون بە بەها ئەخلاقییە بەرزەكان و سەركەوتن بە سەریاندا كراوە، سیستانی ئاماژەی بەوەداوە كە پێویستە سەركردە ئاینی و رۆحییەكان رۆڵ بگێڕن بۆ وەستاندنی ئەم نەهامەتییانەی هەیە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان بە تایبەت هێزە گەورەكان هان بدرێن كە ژیری و دانایی زاڵ بكەن بەسەر زمانی شەڕدا
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتوە:  سیستانی باسی لە رۆڵی مێژویی و پڕ لە سەروەری عێراق  كردوە و هیوای خواستوە ئەم دۆخەی ئێستای تێپەڕێنێت، جەختیشی كردەوە كە پێویستە هەمو هاوڵاتیانی مەسیحی وەك گەلانی تری عێراقی لە ئاسایش و ئاشتی تەواودا بژین و مافی تەواوی دەستورییان هەبێت.

  

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group