بافڵ تاڵەبانی: بە خزمەتكردن و خۆشگوزەرانی وەڵامی ماندوبونی خەڵكی سلێمانی دەدەینەوە

07/03/2021

نەوا-
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی یادی راپەڕینی سلێمانییەوە بڵاویكردەوە: لە داهاتودا بە خزمەتكردن و خۆشگوزەرانی وەڵامی ماندوبونی خەڵكی سلێمانی دەدەینەوە.
بافڵ تاڵەبانی لە ئەكاونتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر لەیادی 30 ساڵەی راپەڕینی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە: لەیادی ئازادبونی شاری هەڵمەت و قوربانی، شاری هەمیشە پێشەنگ و رەچەشكێن، شاری وەفادار و بەئەمەك، شارێك كە هەمیشە تینوی ئازادی و پڕ لە قەڵەم و دەنگی بوێربوە، پیرۆزباییەكی گەرم لە خەڵكی خۆشەویستی ئەم شارە پڕ لە وزە و داهێنانە دەكەین.
رونیشیكردوەتەوە: مێژوی زێڕین و پڕ لە سەروەری سلێمانی دەیسەلمێنێت كە هەمیشە شارەكە سەرمەشقی قارەمانێتی و كوردایەتی و نیشتمانپەروەری بوە، مێژووی سلێمانی لێوڕێژە لە داهێنان و نوێگەری، لە خەڵكی رەچەشكێن و ئازا و ئازاد، ئێمە خەباتی بێوچانی خەڵكی بەئەمەكی سلێمانی لەیاد ناكەین و بەرامبەر قارەمانێتی و قوربانییەكانیان وەفادەر دەبین، خزمەتكردنیان بە ئەركی خۆمان دەزانین و باشتركردنی گوزەرانیان بە كاری لەپێشینەمان دادەنێین.
هاوسەرۆكی یەكێتی باسی لەوەشكردوە: ‌‎ئەمڕۆ بۆ ئێمە رۆژی وەفادارییە بەرامبەر خوێنی هەزاران شەهیدی رێگای ئازادی، رۆژی دوپاتكردنەوەی پەیمانی لەمێژینەمانە بەرامبەر ئەو خەڵكە دڵسۆزەی لەهیچ بارودۆخێكدا پشتیان لە یەكێتیەكەی مام نەكرد، ئێوەبون لە ڕابردوودا سەرتۆپی شۆڕش و فیداكاری بوون، ئێمە دەبین لە داهاتودا بە خزمەتكردن و خۆشگوزەرانی وەڵامی ماندوبونتان دەدەینەوە. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group