عەلی حەمەساڵح باس لە چەند دۆسیەیەكی مەترسیدار دەكات

08/03/2021

نەوا-
عەلی حەمەساڵح سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد: گوشارێكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی كار لەسەر دۆسیەكانی جگەرە و خواردنەوە كحولیەكان نەكرێت، چونكە ئەوانەی لە پشتیەوەن دەسەڵاتدارەكانن.
 عەلی حەمەساڵح لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا وتی: لە ماوەی رابردودا لێكۆڵینەوەیان لەسەر 5 دۆسیە كردوە كە تەنیا گەندەڵی نین، ئەو دۆسیانە مەترسی یەكجار گەورەیان تێدایە و رەنگە گوشار هەبوبێت بۆ ئەوەی نەوروژێندرێن  و نەگەنە رای گشتی.
رونیشیكردوەتەوە: ئێستا 96٪ی جگەرەی كوردستان بە قاچاخ هاوردە دەكرێت كە لە 360 ملیار دینار تەنیا 16 ملیار دیناری بە فەرمی هاتوە، ئەمە تەنها مەترسی ئەوەی نییە كە مانگانە 10 ملیۆن دۆلار زەرەری لە داهاتی گشتی داوە، بەڵكو كۆمەڵێك بەرپرس خراپترین جۆری كوالێتی جگەرە ساختە دەكەن لە شوێنی دیكەوە دەیهێنن و بە ماركەی دیكە دەفرۆشرێتەوە، ئەوەش بەپێی شیكردنەوەی ئەوانەی پسپۆرن و هاوكارییان كردوین مەترسییەكانی 10 هێندە زیاترە.
 عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت: 40٪ی خواردنەوە كحولیەكانی كوردستان بە قاچاخ هاوردە دەكرێن و ساختە دەكرێن و دەكرێت بە ماركەی دیكە، لەمانەش خراپتر لە كوردستان ژمارەیەك كارگەی مەشروب و جگەرە هەن بە مۆڵەت و بێمۆڵەتیشیان تێدایە، بەبێ ئەوەی هیچ كەسێك بزانێت چی تێكەڵ دەكەن و چۆن دروستی دەكەن، جۆرەها جگەرە مەشروب دروست دەكەن و دەیخەنە بازاڕاوە.
جەختیلەوەشكردوەتەوە: دۆسیەیەكی دیكە كە هەستیار و مەترسیدارە ئەوەیە، 95٪ی ئەو بەرهەمەی وەكو گازوایل بە مۆلیدە و بارهەڵگرەكان دەفرۆشرێت گازوایل نین، بەڵكو لە كۆمەڵێك ماددەی چەند گۆڕەپان و پاڵاوتگەی بێمۆڵەت لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك دروست دەكرێن، كە چەندین ماددەی زیانبەخشی تێدایەو دەبنە هۆی شێرپەنجەی پێست و بۆرییەكانی هەناسە و لەنێوبردنی بەروبومی كشتوكاڵی لە كوردستاندا و قەبارەی ساڵانەی ئەو بازرگانییەش نزیكەی 250 ملیۆن دۆلارە، گوشارێكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی كار لەسەر ئەو دۆسیانە نەكرێت، لەبەر ئەوەی ئەوانەی لە پشتی كارگەكانی جگەرە و مەشروبەوەن دەسەڵاتدارەكانن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group