سعودیە بەڕێوەچوونی دانوستان لەگەڵ ئێرانی پشتڕاست كردەوە

08/05/2021 جیهان

نەوا-
بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە پشتڕاستی كردەوە كە وڵاتەكەی و ئێران لە دانوستاندان بە مەبەستی كەمكردنەوەی گرژیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
رائید قرملی باڵیۆزی سعودیە لە مۆسكۆ و یەكێك لە بەڕێوەبەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە، ئامانجی گفتوگۆ و دانوستانەكانیان لەگەڵ ئێران كەمكردنەوەی گرژییەكانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و وتی، هیواخوازن ئەو دانوستانانە سەركەوتن بەدەستبهێنن، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجام.
جەختیشی كردەوە، سعودیە بە پێی هەنگاوە كردارییەكان هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەكە دەكات نەك لەسەر بنەمای قسە.
ئەو بەرپرسەی سعودیە ئاماژەی بەوەشكرد، كە سیاسیەتی وڵاتەكەی روونە و سەرباری تێبینی لەسەر هەڵسوكەوتە نەرێنیەكانی تاران، بەڵام دەیەوێت پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئێراندا هەبێت.
ئەمە یەكەم جارە بەرپرسێكی سعودی بەڕێوەچوونی ئەو دانوستانانە پشتڕاست بكاتەوە.
پێشتریش باڵیۆزی ئێران لە بەغدا و سەرۆك كۆماری عێراق بەڕێوەچوونی دانوستان لە نێوان تاران و ریازیان بە نێوەندگیری بەغدا پشتڕاست كردبوەوە.
مانگی رابردوو رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی بۆ یەكەم جار بەڕێوەچوونی دانوستانی نێوان ئێران و سعودیەی لە بەغدا ئاشكرا كردبوو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group