ئەمریكا: تەنها بە گەڕانەوەی ئێران بۆ پابەندبوونەكانی سزاكانمان هەڵدەگرین

08/05/2021 جیهان

نەوا-
وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، وڵاتەكەی تەنها لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ پابەندبوونەكانی ئێران بە رێككەوتنی ئەتۆمی سزاكانی لەسەر ئەو وڵاتە هەڵدەگرێت.
جین ساكی وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، هەست دەكەن دانوستانەكانی ڤییەنا بۆ بەگەڕخستنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی بەرەوپێشچوونیان پێوەدیارە، هەرچەندە دەزانن كاتێكی زۆر و چەندین ئاڵنگاریان لەبەردەمدایە.
وتیشی، ئاماژەی باش لەو دانوستانانەوە دەركەوتوون، لانیكەم ئەمریكا بەرچاوی روونبوەتەوە كە بۆ گەڕانەوەی بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی پێویستە چی بكات و تارانیش دەزانێت كە چی لەسەر تا رێككەوتنەكە بەگەڕبخرێتەوە.
وتەبێژی كۆشكی سپی رونیشیكردەوە، تەنها بە گەڕانەوەی ئێران بۆ پابەندبوونەكانی بەرێككەوتنی ئەتۆمی و داخستنی سەرجەم رێگەكان بە رووی بەرنامەی سەربازی ئەتۆمی، ئەمریكا سزاكانی لەسەر ئەو وڵاتە هەڵدەگرێت.
ساڵی 2018 ئیدارەی پێشووی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی كشایەوە و سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، لەبەرمبەردا تاران پابەندبوونەكانی بەو رێككەوتنە هەڵپەسارد.
ئیدارەی ئێستای ئەمریكا خوازیاری گەڕانەوەیە بۆ رێككەوتنەكە و ئێرانیش هەڵگرتنی سزاكانی كردوەتە مەرج بۆ پابەندبوونەوەی بەو رێككەوتنە و ماوەی زیاتر لە مانگێكە لە ڤییەننا دانوستان لەنێوان تاران و كۆمەڵەی چوار كۆ یەك بە مەبەستی بەگەڕخستنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی 2015 لە ئارادایە و ئەمریكاش بە ناڕاستەوخۆ بەشدارە لەو دانوستانانەدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group