زەریف: بەرپرسیارێتی بەگەڕخستنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی لە ئەستۆی ئەمریكادایە

09/05/2021 جیهان

نەوا-
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، بەرپرسیارێتی بەگەڕخستنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لە ئەستۆی ئەمریكادایە نەك ئێران.
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێكدا بە ئاماژەدا بە سێهەم ساڵیادی كشانەوەی ئەمریكا لە رێكەوتنی ئەتۆمی باسی لەوەكردووە، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەو كاتی ئەمریكا بەو هەنگاوەی پابەندبوونەكانی ئەمریكای بە رێككەوتنی ئەتۆمی و بڕیارنامەی 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشێل كردووە.
نوسیویشیەتی، سەرۆكی ئێستای ئەمریكا دەبێت بە كردەوە بیسەلمێنێت كە ئاخۆ لەگەڵ درێژەدان بەو كارە نایاساییەیە یان دەیەوێت لەمەودوا بە پێی یاساكان بجوڵێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشی كردوەتەوە، كە بەرپرسیارێتی بەگەڕخستنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی لە ئەستۆی ئەمریكادایە نەك ئێران.
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە پێشتر جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو، كە تائێستا نازانن ئێران چەندە پێداگرە لەسەر بەگەڕخستنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group