نەتەوەیەكگرتوەكان: بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان زیادی كردووە

12/05/2021

نەوا-
نەتەوەیەكگرتوەكان لە نوێترین راپۆرتیدا باس لە بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین و فشارخستنەسەر رەخنەگرانی حكومەت لە هەرێمی كوردستان دەكات.
لە راپۆرتێكی نەتەوەیەكگرتوەكاندا هاتووە، لە مانگی ئاداری 2020ەوە تا نیسانی 2021 بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان زیادیكردووە و رەخنەگرانی دەسەڵات نەك هەر تووشی تۆقاندن و ئاستەنگ دروستكردن لە بەردەم جموجۆڵەكانیان بوون، بەڵكوو رووبەڕووی ناوزڕاندن بوونەتەوە و هەندێكیشیان بە یاساكانی ئاسایشی نەتەوەیی سزادراون.
رونیشیكردوەتەوە، كە لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا كەسانێك لە هەرێمی كوردستان بە ئامانج گیراون تەنها لەبەر پەیڕەوكردنی مافەكانیان لە دەربڕینی بیر و را و رەخنەگرتن لە هەڵسوكەوتەكانی دەسەڵات.
هەر لەو راپۆرتەدا داوا لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كراوە لە پێناو پارێزگاری لە مافی ئازادی رادەربڕین و كۆتاییهێنان بە ئازاردان و تۆقاندن دژ بە رۆژنامەنوسان و چالاكوانان رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
راپۆرتەكەی نەتەوەیەگرتوەكان هاوكاتە لەگەڵ ناڕەزایەتی زۆری بەشێك لە كۆنسوڵخانەی وڵاتانی رۆژئاوایی و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەرامبەر بە پەسەندكردنی سزای شەش ساڵ زیندانی كردنی پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group