منداڵێک بە هۆی تێکردنی خوێنەوە تووشی ئایدز دەبێت

23/05/2021 هەمەڕەنگ

نه‌وا 
منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ لە شاری "موسڵ" بە هۆی تێکردنی خوێنی کەسێکی هەڵگری نەخۆشی ئایدز، تووشی ئەو نەخۆشیە بووه‌، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی نەینەواش دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە.

 به‌پێی ماڵپه‌ڕی شەفەق نیوز، "له‌شاری موسڵ منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ بە ناوی زەکەریا دوای ئەوەی ساڵ و نیوێک بەر لە ئێستا بە هۆی برینێکی بچوکەوە براوەتە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئه‌و شاره‌، بە باوکی وتراوە، کە پێویستە خوێنی تێبکرێته‌وه‌".
باوکی زه‌كه‌ریا به‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، دوای چەند مانگێک لە وەرگرتنی بوتڵە خوێنەکە پێستی کوڕەکەی تووشی هەستیاری بووە و به‌و هۆیەوە سەردانی پزیشكێكی پێستیان كردووە و له‌ئه‌نجامی چەندین پشکنین، دواجار دەرکەوتووە کە هەڵگری ڤایرۆسی HIVیە و تووشی نەخۆشی ئایدز بووە".
پاش بەدواداچوونی باوکی منداڵەکە دەرکەوتووە، ئەو کەسەی خوێنەکەی بەخشیوە، بە بێ ئەوەی خۆی بزانێت تووشی ئایدز بووە، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تەندروستی نەینەواش بڕیاریداوە دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو رووداوە بكاته‌وه‌، بەڵام تائێستا نەزانراوە کە ئەو کەسەی خوێنی بەخشیوە پشکنینی بۆ کراوە یان ئەنجامەکەی هەڵە بووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group