پسپۆڕێك: فرۆشتنی هێلكەی گون هیچ بنەمایەكی نییە و راست نییە

25/05/2021 هەمەڕەنگ

نەوا-
پسپۆڕێكی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەرۆ پرۆستات و هێلكەی گون دەڵێت، ئەو باسانەی سەبارەت بە فرۆشتنی گون دەكرێن هیچ بنەمایەكیان نییە و لە جیهاندا تەنها 3 جار نەشتەرگەری گواستنەوەی هێلكەی گون كراوە.
د. دلێر جیهاد زەنگەنە پسپۆری نەشتەرگەری گورچیلە و میزەرۆ پرۆستات و هێلكەی گون بڵاویكردووەتەوە، ئەنجامدانی چاندنی ئەندامەكانی لەش لەو كاتە دەكرێت كە ژیانی مرۆڤەكە لە مەترسی بێت وەك چاندنی گورچیلە، جەرگ، دڵ و سیەكان ئەوەش بە پێی كۆمەڵێك رێكاری زانستی و یاسایی و ئیتیكی.
رونیشیكردووەتەوە، بۆیە چاندنی گون هیچ سودێكی زانستی نییە و لەهەمان كاتدا نا شەرعی و نایاساییە، ئیشی سەرەكی گونەكان بریتییە لە، یەكەم دروستكردنی تۆو، دوەم دروستكردنی هۆرمۆن، ئەو تۆوەی دروست دەكرێت دەبێتە هی كەسی بەخشەر نەك وەرگر واتە ئەگەر منداڵیشی ببێت هەر دەبێتە هی ئەو.
ئەو پزیشكە باسی لەوەشكردووە، گرنگترین مەرج بۆ چاندنی گون ئەوەیە كە دەبێت بەخشەر و وەرگر دوانەی هاوشێوە بن واتە لە رووی زانستیەوە لە برا بۆ براش نەشتەرگەرییەكە سەركەوتوو نابێت ئەگەر دوانە نەبن، ئەی چۆن بۆ كەسێكی بێگانە ببێت.
د. دلێر  ئەوەشی ئاشكراكردووە، لە جیهاندا تەنها سێ جار چاندنی گون ئەنجام دراوە بۆ سێ دوانەی هاوشێوە ئەویش بۆ مەبەستی دروستكردنی هۆرمۆن چونكە ئەو كاتە هۆرمۆن بە شێوەی دەرزی جارێ دروست نەكرابوو، كەواتە ئەو جۆرە باسانەی فرۆشتنی هێلكە گون و چاندنی هیچ بنەمایەكیان نییە چ لە ڕووی زانستی چ لە ڕووی یاسایی چ لە ڕووی شەرعی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group