زانایان توانییان تەمەنی مشك بە رێژەی 23% درێژ بكەنەوە

02/06/2021 هەمەڕەنگ

نەوا-
بەپێی لێكۆڵینەوەیەك زانایان توانیویانە تەمەنی جەستەی مشك درێژ بكەنەوە و چیتر دەتوانرێت ئەو كارە بۆ مرۆڤیش بكرێت و ئەگەر خودا كۆتایی بە تەمەنی نەهێنێت ئەوا دەتوانێت یادی 120 ساڵە لەدایكبوونی بكاتەوە.
بەپێی لێكۆڵینەوەیەك كە زانایانی ئیسرائیل ئەنجامیانداوە و لە گۆڤاری Nature Communications بڵاوكراوەتەوە، زانایان پرۆتینی SIRT-6 "كە كۆنترۆڵی رێژەی چوونە تەمەنی تەندروستەوە دەكات و بەشێوەیەكی سروشتی لەگەڵ چوونە تەمەنەوە كەمدەبێتەوە" لە 250 مشكدا بەهێز كردووە و ئەنجامی زۆر نایابیان بەدەستهێناوە.
ئەوەش هاتووە، بەپێی لێكۆڵینەوەكە تەمەنی مامناوەندی جەستەی مشكەكان بە رێژەی 23% درێژ بووەتەوە، نەك تەنها ئەوە بەڵكو گەنجی زیاتریان پێوە دیار بووە و ئەگەرەكانی توشبوونیان بە شێرپەنجەش كەمیكردووە لەچاو مشكەكانی تردا.
لای خۆیەوە پرۆفیسۆر "حاییم كۆهین" باسی لەوەكردوە، ئەو گۆڕانكاریانەی لە مشكەكاندا بینیمان دەتوانرێت بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، ئەگەر ئەوەش رووبدات ئەوا جێی سەرنج دەبێت، ئەگەر جەستەی مرۆڤ ئەو پرۆتینە بەهێزكراوەی هەبێت ئەوا رێژەی مامناوەندی تەمەنی مرۆڤەكان دەگاتە 120 ساڵ بە نزیكەیی، ئەوەش لەكاتێكدایە لەساڵێ‌ 2019 رێكخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویكردەوە، رێژەی مامناوەندی تەمەنی مرۆڤایەتی 72.6 ساڵە.
بەپێی هەمان لێكۆڵینەوە، لەئێستادا لێكۆڵینەوە لەوە دەكرێت كە پرۆتینی SIRT-6 لە مرۆڤدا بە پارێزراوی زیاد بكرێت، مشكەكان لە رووی بۆماوەییەوە گۆڕدراون بۆ ئەو كارە، بەڵام مرۆڤ پێویستی بە وەرگرتنی دەرمان دەبێت بۆ دەستكەوتنی هەمان ئەو كاریگەریانە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group