هەڤاڵ ئەبوبەكر: نرخی بەنزین لە دەسەڵاتی حكومەتە خۆجێیەكاندا نیە

17/06/2021

نەوا-
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، پرسی نرخی سوتەمەنی و بەنزین لەدەسەڵاتی حكومەتە خۆجێیەكاندا نیە و پەیوەندی هەیە بە بازاری نێودەوڵەتی و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، جەختیش دەكاتەوە هەر پێشنیازێكی یاسایی ، زانستی و كارگێڕی بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین هەبێت پشتیوانی دەكەن.
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانێكدا رایگەیاند، پرسی سوتەمەنی و بەنزین لەلای حكومەتە خۆجێیەكان نیە و هەرچارەسەر و بڕیارێكیش لەم بارەیەوە لەدەستی بازاری نێودەوڵەتی و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستاندا دایە.
لەبارەی لێدوانی چەند ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش لەبارەی دۆزینەوەی میكانیزمی هێنانی بەنزین بەنرخێكی هەرزانتر، پارێزگاری سلێمانی وتی، "هەر رێكارێك یاسایی نەبێت ناتوانین قبوڵ بكەین، ناتوانین ئۆكتانی خوار 92 داخڵ بكەین لەبەر ئەوەی ئۆتۆمبێلی خەڵك دەسوتێت و ماڵی خەڵك وێران دەبێت، بۆیە هەر رێكارێكی یاسایی و زانستی و كارگێڕی هەبێت بەدڵنیاییەوە ئێمە پشتیوانی دەكەین".
لە ئێستادا یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ بە 700 دینارە، بەنزینی موحەسەن بە 750 دینار و یەك لیتر بەنزینی سوپەریش بە 850 دینارە و ئەمەش نیگەرانی هاوڵاتیان و شۆفێرانی لێكەوتوەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group