بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم هاوبەشانی ئاو ئاگادار دەكاتەوە

20/06/2021

نەوا-
بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ داوا لە هاوبەشانی ئاو دەكات بۆ سودمەندبوون لە لە بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی ئاو لە زووترین كاتدا سەردانی فەرمانگەكانی ئاو بكەن.
لە ڕاگەیاندراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، داوا لە هاوبەشانی ئاو دەكات بە مەبەستی سوودمەندبوون لە بڕیاری لێخۆشبوون لە بەشێكی زۆر لە نرخی ئاوی ماڵان و شوێنە گشتییەكان، لە نزیكترین كاتدا سەردانی فەرمانگەكانی ئاو بكەن و مامەڵەی سوودمەندبوون لە بڕیارەكە پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی بە ڕێژەیەكی زۆر لێخۆشبوون بیانگرێتەوە.
لە چەند مانگی رابردوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ڕێنوێنییە كۆنەكەی وەرگرتنی كرێی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەكانی لە بەرژەوەندی هاوبەشانی ئاو هەمواركردەوە و بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی كرێی ئاوی خواردنەوە.
بە گوێرەی بڕیارە نوێیەكە، بۆ دابەزاندنی نرخی ئاو، ئەگەر هاووڵاتییەك بۆ چوار مانگ 600 هەزار دیناری بۆ هاتبێتەوە، ئێستا تەنیا بڕی 180 هەزار دینار دەدات، واتە بڕی 420 هەزار دینار لێخۆشبوون دەیگرێتەوە كە ئەمەش راستەوخۆ لە بەرژەوەندیی هاوبەشانی ئاودایە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت: هەموو ئاسانكارییەك بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەكەین كە دەیانەوێت لە بڕیارەكە سوودمەندبن، چونكە ئامانجمان لە هەمواركردنەوەی بڕیارە كۆنەكە خزمەتكردنی هاووڵاتییانە بۆ ئەوەی بە بڕە پارەیەكی كەم زۆرترین قەرزەكانیان بدەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group