لە مانگێكدا حەوت كۆڵبەر لە رۆژهەڵات گیانیان لەدەستداوە

26/06/2021

نەوا-
بەپێی ئامارێكی تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا حەوت كۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و پێنج ژنیش لە رۆژهەڵات كوژراون و 19 چالاكوانی ئەو بەشەی كوردستانیش دەستگیركراون.
تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان بڵاویكردەوە، لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا واتە كۆتا مانگی بەهار حەوت كۆڵبەر لە رۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەستداوە، كە سیانیان بە تەقەی هێزە سەربازییەكانی ئێران بووە، دوو كەسیشیان بە تەقەی پاسەوانی سنوری توركیا و عێراق كوژراون و كەسیچك بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە و كۆڵبەرێكیش بەهۆی كەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە مردووە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، كە لەو ماوەیەدا 10 كۆڵبەریش بە تەقەی هێزە سەربازییەكانی ئێران برینداربوون.
وەك تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان ئاماژەی بۆكردووە، لە مانگی رابردوودا، لانیكەم پێنج ژن لە ناوچە جیاجیاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە لایەن كەسوكاریانەوە كوژراون.
باسی لەوەشكردووە، 19 چالاكوانی كورد لەو ماوەیەدا دەستگیركراون و دوو بەندكراوی كوردیش بە هۆی نەگواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە و پێنج چالاكوانیش دادگایی كراون و سزای سێ مانگ بۆ 40 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group