خۆپیشاندانەكانی ئێران پایتەختی ئەو وڵاتەشی گرتەوە

26/07/2021 جیهان

نەوا-
دوای تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان لە دژی كەمئاوی لە ئێران، لە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتەش خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.
بەپێی میدیاكانی ئێران و ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكراونەتەوە، بە مەبەستی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەكانی خوزستان و چەند ناوچەیەكی دیكەی ئێران، رۆژی دووشەممە لە شاری تاران خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.
خۆپیشاندەران دژی كەمی خزمەتگوزارییەكان، خراپی باری دارایی، داخراوبوونی سیستەمی سیاسی و دەستوەردانەكانی ئێران لە ناوچەكە دروشمیان وتوەتەوە.
نزیكەی دوو هەفتەیە دژی كەمئاوی خۆپیشاندان لە پارێزگای خوزستانی ئێران دەستیپێكردووە و لە رۆژانی رابردووشدا لە چەند پارێزگایەكی دیكەی ئەو وڵاتە و رۆژهەڵاتی كوردستان خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group