توێژینەوەیەك: هەواڵی درۆ لە فەیسبووك 6 هێندە سەردانیكەری زیاترە

04/09/2021 هەمەڕەنگ

نەوا-
بەپێی توێژینەوەیەكی ئەمریكی، هەواڵی درۆ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك 6 هێندەی هەواڵە راستەقینەكان سەردانیكەرانیان زیاترە و تۆڕەكەش بە پاداشتكردنی ئەوانەی هەواڵی ناڕاست بڵاودەكەنەوە تۆمەتبار دەكات.
بەپێی توێژینەوەكە كە زانایانی زانكۆی نیویۆرك و زانكۆی گرونۆبڵ ئەلب لە فەرەنسا ئەنجامیانداوە، زانیاری سەرلێشێوان و ناڕاست پێگەیەكی تایبەتیان هەیە و لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك سەردانیكەرێكی زۆریان هەیە.
رونیشكراوەتەوە، توێژینەوەكە هەوڵێكی گشتگیرە بۆ پێوانی كاریگەری زانیاریە ناڕاستەكان لەلایەن ژمارەیەكی زۆر لەو كەسانەی لە فەیسبووك پۆست بڵاودەكەنەوە، تۆڕەكە هاوكارە لە زیاتر بڵاوكردنەوە زانیاریە نادروستەكان لە چاو زانیاریە دروستەكان.
بەپێی هەمان توێژینەوە، ئەو كەسانەی زانیاری نادروست بڵاودەكەنەوە 6 هێندە لایك و كۆمێنت و بەشدارییان زیاتر بووە لە هەواڵە راستیە متمانە پێكراوەكان، وەك ئەوانەی لە تۆڕی "سی ئێن ئێن" بڵاودەكرێنەوە یاخود رێكخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویاندەكاتەوە.
سەبارەت بە ئامانجی بڵاوكردنەوەی هەواڵی نادروست توێژینەوەكە دەڵێت، بە مەبەستی راكێشانی فۆڵۆوەرێكی زیاترە، ئەوەش ئەوە پیشان دەدات كە تۆڕی فەیسبووك پاداشتی ئەو كەسانە دەكات كە زانیاری نادروست بڵاودەكەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group