کۆمپانیای فایزەر رایگهیاند، لە قۆناخی دووەمی تاقیکردنەوەی ڤاکسینهكهیان دەرکەوتووە بەرهەمەکەیان بۆ منداڵانی تەمەن 5 بۆ 11 ساڵان دژە تەن پەیدا دەکات و کاریگەرە.
کۆمپانیای فایزەر لە راگەیهنراوێکدا پشتڕاستیکردۆتهوه، کە لە قۆناخی دووەمی تاقیکردنەوەی ڤاکسین دەرکەوتووە بەرهەمەکەیان بۆ منداڵانی تەمەن 5 بۆ 11 ساڵان دژە تەن پەیدا دەکات و ئەمەش یەکەمجارە کۆمپانیاكه ڤاکسین لەسەر منداڵانی ئەم تەمەنە تاقیبکاتەوە.
تاقیکردنەوەکەی فایزەر 2 ههزار و 268 منداڵی لەخۆگرتووە، کە تەمەنیان لەنێوان 5 بۆ 11 ساڵاندا بووە، هەریەکەیان دوو ژەمی ڤاکسینیان پێدراوە، ماوەی بەکارهێنانی نێوان هەردوو ژەمەکە 21 رۆژ بووە، بەڵام قەبارەی ئەو بڕە ڤاکسینەی پێیاندراوە بچووکتربووە و هەر ژەمێک پێکهاتووە لە 10 مایکرۆگرام ڤاکسین.
کۆمپانیاکە جهختیشیكردۆتهوه، بڕەکەیان زۆر بە هۆشیاری هەڵبژاردووە، دوای یەک مانگ لە هەردوو ژەمە ڤاکسینەکە دەرکەوتووە منداڵەکان سیستەمێکی بەرگری بەهێزیان دروستکردووە، دهشڵێت كاریگهرییهكانی ڤاکسینەکە هاوشێوەی ئەوانەبووە کە تەمەنیان لە سەرووی 16 ساڵانە و دووچاری هیچ نەخۆشیێکی هەڵئاوسانی دڵیشی نەکردوونەتەوە.
فایزەر ئهوهشی خستۆتهڕوو، داواکاری پێشكهشی ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی مۆڵەتیان پێبدات تاوەکو دەست بە دابەشکردنی ڤاکسینەکەیان بکەن بەسەر منداڵانی تەمەن 5 ساڵ بەسەرەوە.