بایدن: پابەندین بە دەستەبەرکردنی سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لە عێراق

21/09/2021 عێراق

نەوا
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: وڵاتەکەی پابەندە بە سەقامگیرەیەکی هەمیشەیی لە عێراق و ستایشی هەوڵەکانی ئەم دواییەی حکومەتی بەغداشی کرد لە چەسپاندنی ئارامی لە ناوچەکە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی 76هەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند: واشنتۆن پابەندە بە سەقامگیرییەکی هەمیشەیی و درێژخایەن لە عێراق.
بەپێی راگەیەنراوێکی کۆشکی سپی، بایدن و بەرهەم ساڵح پرسی بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەکانی ئەمریکا و عێراق، پەرەپێدان بە هاوکاریی نێوانیان لە دەستپێشخەرییە دیپلۆماسیەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، کە هەردوولا جەختیان لە رێزگرتن لە دیموکراسی و سەروەری عێراق و سەرخستنی هەوڵەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی  پاک و بێگەرد لە مانگی داهاتوودا کردوەتەوە.
هەر لەو دیدارەدا بایدن رایگەیاندوە: "ستایشی دەستپێشخەرییەکانی ئەم دواییە دەوڵەتی عێراق دەکەن وەک لوتکەی بەغدا کە لەسەر ئاستی هەرێمی بەڕێوەچوو لەگەڵ سەردانەکەی پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق، بەو پێیەی هێمایەکی گرنگە بۆ بەشدارییەکانی عێراق لە سەقامگیریی هەرێمی و پێکەوەژیانی نێوان ئاینەکان".
76هەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بە بەشداری دەیان سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان دەستی بەکارەکانی کردووە و بەشێکی دیکەش لە سەرکردەکان بە شێوەن ئۆنلاین بەشدارن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group