ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان: هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عەین ئەسەد و هەریر دەكشێنەوە

22/09/2021 عێراق

نەوا-
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان عێراق رایدەگەیێنێت، لە كۆتایی ئەم مانگەدا هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە بنكەكانی هەریر و عەین ئەسەد دەكشێنەوە.
 لیوا تەحسین خەفاجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند: لە كۆتایی ئەم مانگە هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە بنكەی هەریر و عەین ئەسەد دەكشێنەوە و لە شوێنی ئەوان راوێژكار و راهێنەر دێن.
باسی لەوەشكرد، كەركووك زۆرترین مەترسیی داعشی لەسەرە لە هەڵبژاردندا، دوای ئەویش موسڵ و دیالەن، هەروەها دەشڵێت، "رێكاری تووند گیراوەتە بەر بۆ نەهێشتنی هەڕەشەكانی داعش".
هەروەك ئاماژەی بەوەشكردووە، "پلانی هێرشی داعش لە رۆژانی رابردوو لە كەركووك پووچەڵ كراوەتەوە".
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان عێراق لەبارەی دروستكردنی دوو لیوا هاوبەشەكەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ئاماژە بەوە دەدات، حكومەت رازی بووە لەسەر پێكهێنانی ئەو دوو لیوایە، ئەو دوو لیوا هاوبەشە پڕچەك دەكرێن و راهێنانیان پێدەكرێت و لەو ناوچانە دابەش دەكرێن كە داعشی تێدایە، واتە لەو ناوچانەی كە دەكەونە نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە سەركردایەتی دەكرێن و مووچەیان لەسەر وەزارەتی بەرگری عێراق دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group