عێراق خاوەنی چوارەم گەورەترین یەدەگی غازە لەناو وڵاتە عەرەبیەكاندا

22/09/2021 عێراق

نەوا-
كۆمپانیای "بی پی" بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، لەناو وڵاتە عەرەبیەكاندا لە ساڵی 2020دا عێراق خاوەنی چوارەم گەورەترین یەدەگی غاز بووە، كە زیاتر لە 124 ترلیۆن پێ‌ چوارجایە.
كۆمپانیای "بی پی" لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لە ساڵی رابردوودا عێراق خاوەنی چوارەم گەورەترین یەدەگی غاز بووە لەناو وڵاتە عەرەبیەكاندا كە 124.6 ترلیۆن پێ‌ چوارجا غازی یەدەگی دڵنیای هەیە، ئەوەش 1.9%ی سەرجەم غازی یەدەگی جیهانە.
باس لەوەش كراوە، پێش عێراق وڵاتی قەتەر یەكەم وڵاتی عەرەبییە كە خاوەنی 871.1 ترلیۆن پێ‌ چوارجایە، دوای ئەوەیش سعودیە بە بڕی 212.6 ترلیۆن و ئیمارات بە بوونی 209.7 ترلیۆن پێ‌ چوارجا غاز، دوای عێراقیش وڵاتەكانی جەزائیر و  میسر دێن، لەسەر ئاستی جیهانیش رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 40.3%ی هەموو غازی یەدەگی جیهانی تێدایە.
بەپێی زانیاریەكانی كۆمپانیا بەریتانییەكە، روسیا خاوەنی گەورەترین یەدەگی غازە لە جیهاندا كە 1320.2 ترلیۆن پێ‌ چوارجا غازی یەدەگی هەیە و دواتر ئێران بە بوونی 1113.6 ترلیۆن و دوای ئەویش قەتەر و بەدوایدا توركمانستان بە بوونی زیاتر لە 480 ترلیۆن دێت، هەروەها ئەمریكا لە پلەی پێنجەمی جیهاندایە بە بوونی 445.6 ترلیۆن پێ‌ چوارجا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group