ئامارێك لە بارەی هێرشەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر ناوچە سنورییەكانی هەرێم دەخرێتەڕوو

22/09/2021

نەوا-
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكان لە ناوچە سنوورییەكان زیاتر لە 800 گوند چۆڵكراون و بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە. 
سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر ناوچە سنورییەكانی ئێران، د.دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا "كە هێرش و بەرەنگارییەكان بوونەتە هۆی ئەوەی كە دانیشتووانی ئەم ناوچانە بە كۆمەڵ ئاوارە بن و هەروەها بۆتە هۆی ناجێگیری بەردەوام. لە نێوان مانگی 1 بۆ 8ی ساڵی 2021 دا، 165 هێرشی ئاسمانی، 274 تۆپباران، و شەش هێرشی سەرزەمینی ئەنجامدراون".
وتیشی: بۆردومانەكان ناوچەكانی پێنجوێن، چوارتا، هەوارە كۆنی سەربە پارێزگای سلێمانی، شنگال، ئەسكبلان، شیلانی، كلكا نسارا، كلكا ئیسلام، كشانی، هروری، كورزار، دشیش، سكیر، ئاورا، باپیری، هرور، خامتیر، كەلها شابانی، لیفانی، دیری، هفشن، بیدهوهی، بونكستای سەر بە پارێزگای دهۆكی كردۆتە ئامانج."
هەروەها، لە رێگەی هێرشی ئاسمانی و گولەتۆپ گوندەكانی نزیك ناوچەی سیدەكانی سەر بە پارێزگای هەولێر بۆردومان كراوە، لەگەڵ ئەوەش، گوندەكانی نزیك ناوچەكانی باتووفە، كانی ماسی، دركاری سەر بە پارێزگای دهۆكی لەسەرەتایی مانگی ئەیلولدا تۆپباران كراون.
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ووتیشی "ئەم هێرشانە مەترسی دەخەنە سەر گیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، زیان دەگەیەنن بە موڵك و ماڵ و زەوی و زاری جووتیاران، و بینا و خانووەكان وێران دەكەن، و زیان دەگەیەنن بە دارستانەكان. سەرەڕای ئەمەش، چەندین دانیشتووی گووند نشینەكان ئاوارە بوونە بەهۆی ئەم بۆردومانانە، و چەندین هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و دەیانی تر برینداربوون. سەرباری ئەمەش، بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكان نێوان پەكەكە و سووپای توركیا زیاتر لە 800 گوند چۆڵكراون و بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە."
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا دیندار زێباری وتی كە "داوا دەكەین  كە كۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزیەكان لە ناوچە سنورییەكان بهێندرێت. هەروەها، داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەكەین كە ڕەچاوی بارودۆخی هاووڵاتیان لە ناوچەكانی سەر سنوور بكەن كە ئێستا رووبەڕووی بۆردومانەكان بوونەتەوە و ناچارن ماڵەكانیان جێبهێڵن و دەست لە موڵك و ماڵەكانیان هەڵبگرن."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group