نەتەوەیەكگرتووەكان رەخنە لە دروست كردنی دیوار لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە دەگرێت

16/10/2021 جیهان

نەوا-
نەتەوە یەكگرتووەكان رەخنە لە نیازی هەندێك لە دەوڵەتانی ئەوروپا دەگرێت بۆ دروست كردنی دیوار بۆ رێگەگرتن لە چوونە ناوەوەی كۆچبەران و ئاوارەكان و پێی وایە، پێویستە ئەو وڵاتانە رێكەوتنی 1951یان لەبیر بێت كە كاتێك بەسترا كە ئەوروپیەكان بەهۆی جەنگەوە ئاوارە بوون.
ستیڤان دوجاریك وتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە رۆژنامەنوسانی وتووە، لەسەر دەوڵەتانی ئەوروپا پێویستە رێكەوتنی پەنابەرانی ساڵی 1951یان لەبیر بێت، ئەو رێكەوتنە كاتێك نوسرا كە ئەوروپییەكان بەهۆی جەنگی جیهانی دووەمەوە ئاوارە بوون.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئاشكرایە دەوڵەتان بەرپرسن لە پاراستنی سنورەكانیان و هاوڵاتیانیان و ئەوەش بەرپرسیارێتی سەرەكییانە، بەڵام گرنگە سەرجەم دەوڵەتان رێزی یاسا نێودەوڵەتییەكان بگرن لەوانەش رێكەوتنی كۆچبەران و رێگە بەو كەسانە بدەن دەیانەوێت داوای مافی پەنابەری بكەن و بەزۆر نەنێردرێنەوە و رێزی مافی مرۆڤ و كەرامەتیان بگرن.
ئەوەش دوای ئەوەدێت، وەزیری بەرگری پۆڵەندا ئاشكرای كرد كە حكومەتەكەی نیازی ئەوەی هەیە بەهۆی قەیرانی بەردەوامی پەنابەرانەوە لەسەر سنورەكانی بیلاڕوسیا دیوار دروست بكات، هەروەها 3 هەزار سەربازی لەسەر سنورەكان بڵاوكردووەتەوە بۆ رێگەگرتن لە پەنابەران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group