داعش: لە بەغداوە تا خوراسان دەست لە شیعەکان ناپارێزین

16/10/2021 جیهان
نەوا
رێکخراوی داعش هەڕەشەی کردنە ئامانجی شیعەکان دەکات و رایدەگەینێت: لە عێراقەوە تا ئەفغانستان دەیانکەنە ئامانج.
داعش لە رێگەی بڵاوکراوەی هەفتانەی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیلیگرام ئاماژەی بەوەکردوە. کە لە بەغداوە تا خوراسان دەست لە شیعەکان ناپارێزن و دەیانکەنە ئامانج.
راشیگەیاندوە: هێرش دەکەنە سەر سەرجەم مزگەوت و ناوەندەکانی سەر بە شیعەکان.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لقی خۆراسان داعش بەرپرسیارێتی تەقینەوەی خۆکوژی ناو مزگەوتێکی شیعەکانی ئەفغانستانی لە قەندەهار لە ئەستۆ گرتبوو، کە تیادا زیاتر لە 40 کەس کوژرابوون و دەیانی تریش بریندارببوون.
هەفتەی پێشوتریش لە رۆژی هەینیدا داعش هێرشێکی خۆکوژری لە مزگەوتێکی شیعەکان لە ویلایەتی کۆندوزی ئەفغانستان ئەنجامدابوو، کە بە هۆیەوە زیاتر لە 50 کەس کوژرابوون.
بزوتنەوەی تاڵیبان وێڕای ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە، بەڵێنیداوە ئەنجامدەران و پلانداڕێژەرانی بە سزا بگەیەنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group