دەمیرتاش: ئەردۆغان نەیهێشت پەكەكە دەستبەرداری چەك بێت

19/10/2021 جیهان

نەوا-
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشوتری "هەدەپە" دەڵێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا نەیهێشت پەكەكە دەستبەرداری چەك بێت و پێی وابوو، چەك دانانی پەكەكە خزمەت بە حكومەتەكەی ناكات.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە گرتووخانەوە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیا توركییەكان ئاماژەی بەوەداوە، ئەردۆغان رێگر بوو لەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" چەك دابنێت، چونكە لە رووی سیاسییەوە خزمەتی بە حكومەتەكەی نەدەكرد.
رونیشیكردووەتەوە، گفتوگۆكان لە ساڵی 2012 دەستیان پێكرد و ماوەی 3 ساڵ چەكەكان بێدەنگ كران، دواتر ئەردۆغان پەكەكەی بە كوشتنی دوو پۆلیس تۆمەتبار كرد و گفتوگۆكانی پرۆسەی ئاشتی كۆتاییان هات، تەنیا 10 رۆژ مابوو رێككەوتنی دۆڵمە باخچە تەواو بكرێت و بڕیاربوو لە دوای ئەوە پەكەكە چەك دابنێت و لیژنەیەك سەردانی ئیمراڵی بكات بۆ ئەوەی پەیامێك لە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بهێنێت كە پەكەكە بە تەواوی دەستبەرداری چەك دەبێت.
دەمیرتاش دەشڵێت، بەڵام ئەردۆغان نەیهێشت ئەوە رووبدات چونكە وای دەبینی ئاشتی نابێتە هۆی زیاد كردنی دەنگ بۆ خۆی و پارتەكەی، بەڵام ئێستا پەشیمانە و لەو كاتەوە نەیتوانیوە پارێزگاری لە جەماوەر و شەرعیەتی خۆی بكات، بۆیە دەستی بە سیاسەتی خۆسەپاندن كردووە، ویستی بەمە قەرەبووی لەدەستدانی شەرعییەتەكەی بكاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group