كۆمیسیۆن: دوبارە جیاكردنەوەی دەنگەكان پێویستی بە بڕیاری دادگا هەیە

19/10/2021 عێراق

نەوا-
كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە پێشكەش كردنی تانە لەسەر ئەنجامەكان كۆتایی دێت و زیاتر لە هەزار تانە وەرگیراون، دوبارە هەژمار كردنەوەی دەنگەكانیش پێویستی بەبڕیاری دادگا هەیە.
موهەنەد مستەفا ئەندامی تیمی راگەیاندن لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی، ئەمڕۆ سێشەممە پێشكەش كردنی تانەكان لەلایەن لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن كۆتایی دێت.
وتیشی، تاوەكو ئێستا هەزار و 250 تانەمان بەدەست گەیشتووە، تانەكان بەپێی ئەو داتایانەی كە لەبەردەستی كۆمیسیۆندان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، دواتر بۆ ئەنجوومەنی كۆمیسیاران و پاشان بۆ دەستەی باڵای دادوەری بەرز دەكرێنەوە.
ئەو بەرپرسەی كۆمیسیۆن سەبارەت بە ئەگەری دووبارە هەژماركردنەوە و جیاكردنەوەی دەنگەكان وتی، ئەو كارە پێویستی بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی هەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group