بافڵ تاڵەبانی: ئۆپەراسیۆن و كێوماڵی بەپەلە دەكەین

06/12/2021

بافڵ جەلال تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاندوە، لە نزیكترین كاتدا مەرامی چەكدارانی داعش پوچەڵدەكرێنەوە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان تۆڵەی دڵۆپ بە دڵۆپی خوێنی شەهیدەكان دەكاتەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەكەی هاوسەرۆكی یەكێتییە.

لە ناخی دڵمانەوە هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكار و خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمان و تێكۆشەرانە دەكەین كە رۆڵەكانیان شەوی رابردوو لە گوندی (قەرەسالم) لە سەنگەری بەرگریدا شەهیدبوون. هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارانی ئەو كردەوە تیرۆرستییانە دەخوازین و ئامادەی خۆمان دووپات دەكەینەوە بۆ هەر كارێك و هاوكارییەك كە لە پێناو چارەسەریاندا پێویست بێت.
سەبارەت بەو جموجوڵە ترسنۆكانەی ئەم ماوەیەی تیرۆیستانی داعش لە سنوورەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكانی كوردستان، دڵنیاتان دەكەمەوە كە بەبێ وەڵام و گورزی پۆڵاینی هێزی پێشمەرگە تێناپەڕێت.
بەندەش سەرەڕای هەموو ئەركەكانی دیكە، زۆر بەوردی و لەنزیكەوە چاودێری سەرجەم بەدواداچوون، پلان و ستراتیژ و شێوازی نوێی بەرەنگاری و گورزوەشاندن لە تیرۆریستان دەكەم.
هەر بۆیە كوردستانیان و دانیشتوانی ئەو ناوچانەش دڵنیا دەكەینەوە، كە لە نزیكترین كاتدا ئەم مەرامانە پوچەڵدەكرێنەوە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان تۆڵەی دڵۆپ بە دڵۆپی خوێنی شەهیدەكانمان دەكەنەوە و پارێزەری سەروماڵی یەك بەیەكتان دەبین.
بەڕاشكاوی ڕایدەگەیەنم هۆكاری ئەم زەفەر بردنانە ئەوەیە ئەو سنوورانە پێویستیان بە پشتێنەی ئەمنی تۆكمەتر هەیە، كە بەهێزی پێشمەرگە دەپارێزرێت و پێویستە بەخێرایی لە هەموو روویەكەوە ئامادە و پڕچەك بكرێن، هەر بۆیە لە ئەمڕۆوە هەنگاوی پێویست دەنرێت، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە هاوكاری سوپای عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆن و كێوماڵی بەپەلە دەكەین، تاوەكو ئاسایشی هەرێم و ناوچەكە بپارێزرێت و رێگیر بكرێت لە هەر پلانێك كە ئارامی لە خەڵك تێكبدات.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group