ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی سەرۆكی هەرێم و فەرماندەكانی پێشمەرگە

06/12/2021

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە كە تیایدا جێگرانی سەرۆكی هەرێم و وەزیرانی پێشمەرگەو ناوخۆ و فەرماندەی یەكەكانی حەفتاو هەشتاو فەرماندە باڵاكانی پێشمەرگەو بەرپرسی میحوەرەكان تیادا بەشدار بون.
بەپێی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لەو كۆبونەوەیەدا، نێچیرڤان بارزانی جەختی كردۆتەوە كە بۆ بەرەنگاربونەوەی چەكدارانی داعش و تێكشكاندنیان دەبێت ئەوپەڕی هاریكاری و هەماهەنگی سەربازی تۆكمە لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عیراقدا هەبێت و بۆشایی و كەلێنی ئەمنیی نێوانیان پڕبكەنەوە تا پێكەوە روبەڕوی داعش كە دوژمنی هاوبەشە ببینەوە كە هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی تەواوی وڵات دەكات.
هەروەها راشگەیەنراوە كە بارو‌دۆخی سەربازی و بەرەكانی بەرگری لەهەرێمی كوردستان هەڵسەنگێراون و تیایدا فەرماندەی میحوەرەكان پوختەیەكیان دەربارەی دوایین پێشهاتەكانی بەرەكان و پێداویستییەكانیان خستۆتەڕوو، وەز‌یری پێشمەرگەش باسی لە پلان و وردەكاریی هەنگاوەكانی وەزارەت بۆ چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەی تیرۆریستان و پێداویستییە سەربازییەكانیان كروەد، دووپاتیش كراوەتەوە تیرۆریستان سود لەو بۆشایی و كەلێنە وەردەگرن كە لەناوچەكانی نێوان پێشمەرگەو هێزەكانی سوپای عیراقدا هەیە و بۆ هێرش و پەلاماردان دەیقۆزنەوەو لێیانەوە دزە دەكەن تا لەو سنوورە پەلاماری پێشمەرگەو خەڵكی سڤیلی ناوچەكە بدەن.
هەربەپێی راگەیەنراوەكە، نێچیرڤان بارزانی فەرمانیداوە كە بۆ دۆخی هەنوكەیی بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەپەلە پێداویستییە خێراكان و بۆ داهاتوش پێداویستییەكانی دیكەی پێشمەرگە دابین بكرێن و فەرماندەو لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپاردوە بەخێرایی دۆخی بەرەكان و خاڵەكانی روبەڕوبونەوە لەگەڵ تیرۆریستان رێكبخرێنەوەو كەموكوڕی و كەلێنەكان پڕبكرێنەوە، لەسەرتاسەری میحوەرەكانیش ئەوپەڕی هاریكاری و هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگەدا هەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group