بەرگری شارستانی هەولێر: ساڵی رابردوو زیاتر لە 23 ملیار دینار زیان بەر هاوڵاتیان كەوتووە

19/01/2022

نەوا-
رائید سەركەوت كاڕەش وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئاشكرای كرد، ساڵی رابردوو  هەزار و 635 روداوی جۆراوجۆر لە هەولێر كەوتونەتەوە كە زیانەكانی بایی 23 ملیار دینار بووە و بەهۆیەوە 59 هاوڵاتی بونەتە قوربانی.
رائید سەركەوت كاڕەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، لە ماوەی ساڵی 2021 لە سەرانسەری پارێزگای هەولێر كۆی گشتی هەزار و 635 رووداوی جۆراوجۆر روویانداوە و بەهۆی ئاگرەوە 26 هاوڵاتی گیانیان لە دەستداوە و 21 كەسیش لە قەزاكانی  خەبات و شەقڵاوە لە ئاودا خنكاون كە تەمەنیان لە 25 ساڵ كەمتر بووە، هەروەها 12 هاوڵاتیش بەهۆی لافاوەوە گیانیان لە دەستداوە 103 هاوڵاتیش بەوهۆكارانە بریندار بوون.
باسی لەوەش كردووە، هەر لەو ساڵەدا 106 هاوڵاتی لە روداوەكانی ئاگركەوتنەوە رزگاركراون و 40 ئۆتۆمبێل لە ساڵی رابردودا بەهۆكاری جیاواز سوتاون، لەگەڵ ئەوەی هەزار و 317 پشكنینی بەرگری شارستانی بۆ پرۆژەكان كراوە و بەهۆی پابەند نەبوون بە مەرجەكانەوە 397 شوێنیش پابەند نەبوون بە مەرجەكانی بەرگری شارستانی و نوسراویان لەسەر كراوە و داخراون.
وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر جەختی لەوەش كردووەتەوە، خەمڵاندنی زیانەكان لە رووداوەكان جگە لە زیانی لافاوەكان 23 ملیار و 254 ملیۆن دینار زیان بەر هاوڵاتیان كەوتووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group