فڕۆكە كەمپی مەخموریشی بۆردومان كرد

21/05/2022

فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ئۆتۆمبێلێك لەناو كەمپی مەخمور دەكاتە ئامانج، بەڵام هێشتا زیانەكان نەزانراون. 
لەبارەی بۆردومانەكەوە غەفور مەخموری سكرتێری یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان بە روداوی راگەیاندوە، زۆرینەی دانیشتوانی كەمپەكە مەدەنین و رەخنەی لە حكومەتی عیراق گرت لە بەرامبەر ئەوەی هیچ كارێك ناكات و كاردانەوەیەكی ئەوتۆی بەرامبەر توركیا نییە بۆئەوەی ئەنقەرەش لەسەر بەزاندنی سنوری خاكی عیراق بەردەوام نەبێت. 
مەخموری ئاماژەی بەوەشكردوە، توركیا بە پاساوی هەبونی پەكەكە ئۆپراسیۆنەكانی لەناو خاكی باشوری كوردستاندا ئەنجامدەدات، بەڵام ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان ناتوانن كێشەی كورد چارەسەر بكەن، پرسی كورد پێویستی بەوەیە لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێت نەك شەڕ.
لەلایەكی ترەوە سەبارەت بە بۆردومانی فڕۆكە لە بناری چیای خاڵخاڵان سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر رایگەیاندوە، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆردومانی بارەگایەكی پەكەكەی كردوەو لە ئۆتۆمبێلێكی داوەو پێنج كەس گیانیان لەدەستداوە كە بەپێی زانیارییەكان ‏سێ لە كوژراوەكان چەكداری ‏پەكەكەن و دوانەكەی دیكەش خەڵكی سنورەكەن و هەر لەگەڵ ئەواندا بون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group