مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی بەكاتی بایكۆت دەشكێنن

28/05/2022

نەوا
مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی بڕیاریاندا كۆتایی بە بایكۆتی دەوام بهێنن و دەست بە دەوام بكەنەوە، ئەوەش لەسەر داوای خوێندكاران و تاوەكو دوای تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەمی كۆتایی ساڵ.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی لە یاداشتێكدا رایانگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ئەنجامی راپرسی لەنێوان مامۆستایان و فەرمانبەران بەردەوامیدانە بە بایكۆت، كۆتایی بە بایكۆتی دەوام دەهێنن و دەوام دەستپێدەكەنەوە، ئەوەش تەنها تاوەكو دوای تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەمی كۆتایی ساڵ.
باسیان لەوەشكرد، ئەوەش وەك وەڵامدانەوە بۆ داواكاری خوێندكاران، چونكە بەشێك لە بەردەوامی چالاكییەكان دەگەڕێتەوە بۆ بەشداری و پابەندبوونی ئەوان بە بڕیارەكانی رابردوویانەوە.
ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە هێمایان بۆ ئەوەش كردووە، جەخت لە داواكارییەكانیان دەكەنەوە و تاوەكو 30ی 8ی 2022 مۆڵەت بە حكومەت دەدەن بۆ جێبەجێكردنیان، كە سەرەكیترینیان بریتین لە لابردنی هۆكارەكانی شپرزبوون لە پێدانی موچە و دەرماڵە و دابەشكردنی موچە هەر 30 رۆژ جارێك و گەڕانەوەی پلە بەرزكردنەوەی موچەخۆران و دیاری كردنی چارەنووسی لێبڕینەكانی موچە كە بە نزیكەی 30 موچە دەخەمڵێنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group