چوارچێوەی هەماهەنگی داوایەكی بەپەلە لە یەكێتی و پارتی دەكات

13/08/2022 عێراق

نەوا-
چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە پارتی و یەكێتی دەكات، بە زووترین كات پرسی سەرۆك كۆمار یەكلایی بكەنەوە، هەروەها داواش دەكات كار بۆ چۆڵكردنی هۆڵی پەرلەمان لە مانگرتوان بكرێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی لایەنگرانی لە بەغدا كە رۆژی هەینی ئەنجامدرا راگەیەندراوێكی 8 خاڵی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە، داوای زوو پێكهێنانی حكومەت دەكەن بۆ گەڕانەوەی شكۆی دەوڵەت و چارەسەركردنی كێشەكان، هەروەها داوا لە هێزە سیاسیەكان بەتایبەتی كورد دەكەن پەلە بكەن لە یەكلایكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار و كاندیدی سەرۆك وەزیران راسپێرن.
لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پاڵپشتی تەواوی دەسەڵاتی دادوەریی دەكەن و داواكارن لە سەرۆكی پەرلەمانیش كۆتایی بە راگرتنی دەوام بهێنێت و داواكارن هۆڵی پەرلەمان چۆڵبكرێت و كاری یاسادانان و چاودێری دەستپێبكاتەوە، هەروەك داوا لە هێزە ئەمنییەكان دەكەن دامودەزگاكانی دەوڵەت و هەیبەتیان بپارێزن.
چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەوەش كردووەتەوە، داوا لە هێزە سیاسیەكان دەكەن گرنگی بە خەڵك بدەن و پابەندبن بە یاسا و روبەڕوی ئاڵنگاریەكان ببنەوە، وەك سەختی ژیان و گەندەڵی لە كۆبۆنی خۆراك و كەمی ئاو، واز لە بەرژەوەندی شەخسی و حزبی بهێنن و پەنا بۆ یاسا و دەستور ببەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group