پارتی: دەتوانرێت رێكەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت

13/08/2022

نەوا-
مەكتەبی سیاسی پارتی لەبارەی دۆخی سیاسیی عیراق لە راگەیەندراوێكدا جەخت لەوە دەكاتەوە، دەتوانرێت رێككەوتن بكرێت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوەش دوای ئەوەی هەموو لایەنەكان رێكبكەون.
مەكتەبی سیاسی پارتی لە راگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە، ناڕەزایی و ناڕەحەتی خۆیان لە هەمبەر بارودۆخ و تەنگژەی سیاسی ئێستای عیراق دەردەبڕن، روونە هەر لە سەرەتای راگەیاندنی ئەنجامەكان دەرهاویشتە و كێشە و ئاڵۆزی و پێشهاتەكانی دوای هەڵبژاردن بوونە تەنگەژەیەك لەهەمبەر دامەزراندنی حكومەتی نوێ لەسەر بناغەیەكی دەستووری باوەڕپێكراو و سیستمی سیاسی ئێستا، لەئاكامدا وڵات گەیشتە لێواری باردۆخێكی سیاسی داخراو.
ئەوەش هاتووە، لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و لەپێناو بەرژەوەندی وڵاتدا داوا لە سەرجەم سەركردە سیاسییەكان دەكەن كە لە ئاست بەرپرسیارێتی قۆناخی ئێستادابن و داواش لە هەموو لایەنەكان دەكەن هەنگاوی جددی و پێویست و بەپەلە بگرنە بەر بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی بەرهەمدار و سەركەوتوو لەسەر بناغەی پشت بەستن بەبنەماكانی دەستوور بۆ رزگاركردنی وڵات لەو دۆخە چەقبەستوەی ئێستایدا.
پارتی هێمای بۆ ئەوەش كردووە، هەربۆیەش لەپێناو ئەنجامدانی پرۆسەی چاكسازی و گۆڕانكاری راستەقینە و باشتركردنی بارودۆخی ئێستا دەتوانرێت رێككەوتن بكرێت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، دوای ئەوەی هەموو لایەنەكان رێكبكەون و بەڵێنی ئەوەش بدەن كە بەئەنجامی كۆتای رازیدەبن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group