لە هەولێر خۆپیشاندان بۆ پشتگیری كوردانی رۆژهەڵات ئەنجام درا

24/09/2022

نەوا-
لە شاری هەولێر دەیان كەس چوونە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان و پاڵپشتی خۆیان بۆ كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەربڕی و یاداشتێكی ناڕەزاییان پێشكەشی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد.
ئەمڕۆ شەممە 24/9/2022 دەیان چالاكوان و داكۆكیكار لە مافی مرۆڤ، لە شاری هەولێر خۆپیشاندانێكیان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجامدا، ئەوەش وەك پشتگیری كردنی مافی رەوای گەلی كورد و مافی ژنان لە رۆژهەڵاتی كوردستان.
بەپێی زانیارییەكان، چالاكوانان و خۆپیشاندەران خەڵكی باشور و رۆژهەڵاتی كوردستان بوون و یاداشتنامەیەكیشیان پێشكەشی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە.
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردودا كچێكی كورد بەناوی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە ئازار درا و گیانی لەدەستدا، ناڕەزایی زۆری بەدوادا هاتوو و خەڵكی شار و ناوچەكانی كوردستان و چەندین ناوچەی تری ئێران رژانە سەر شەقامەكان و تاوەكو ئێستا چەندین خۆپیشاندەر لە ناوچە كوردیەكان كوژران و زیاتر لە 500ی تر بریندار بوون، هەروەها لەسەر ئاستی جیهانیش ئەو رووداوە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group