ئەمریكا هۆشداری توند لە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی دەداتە روسیا

26/09/2022 جیهان

نەوا-
ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هۆشداری لە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی لە ئۆكرانیا دەداتە روسیا و جەخت لەوە دەكاتەوە، وەڵامی توندیان دەبێت.
جیك سۆلیڤان راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا رایگەیاندووە، بە شێوەیەكی راستەوخۆ و بە نهێنی روسەكانیان لە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی لە ئۆكرانیا ئاگادار كردووەتەوە، كە دەرئەنجامی كارەساتباری دەبێت بۆیان، راشكاوبوون لەگەڵیاندا بەوەی كە واشنتن وەڵامی بەهێزی دەبێت.
رونیشیكردووەتەوە، ئەوان دەزانن ئەگەر رێگەیەكی تاریك بگرنەبەر روبەڕووی چی دەبنەوە، بۆیان رونكردونەتەوە كە دەرئەنجامەكان چی دەبن، ئەمریكا وتاری سەركردایەتی روسیا سەبارەت بە چەكی ئەتۆمی بە جدی وەردەگرێت، بەڵام ئەو وتارەبە هیچ شێوەیەك رێگرنابێت لە پێشكەشكردنی هاوكاری سەربازی بە ئۆكرانیا.
سۆلیڤان لە بەشێكی تری قسەكانیدا باسی لەوە كردووە، ئەوە یەكەمجار نییە ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی لە ئۆكرانیا دەكات، لە مانگی 2ی ئەمساڵیش هێزە ئەتۆمییەكانی خستە جوڵە كاتێك بۆ یەكەمجار تانكەكانی روسیا سنورەكانی ئۆكرانیایان بڕی، بەڵام ئەوە رێگر نابێت لە بەردەمیان بۆ گەیاندنی هاوكاری بە ئۆكرانیا بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆی بكات، وتاری پۆتین نایانوەستێنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group