یەكێتی ئەوروپا داوا لە ئێران دەكات سەركوتكردنی خۆپیشاندەران راگرێت

26/09/2022 جیهان

یەكێتی ئەوروپا داوایكرد توندوتیژی بە مەبەستی سەركوتكردنی خۆپیشاندەران دژی گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی لە ئێران رابگیرێت.
جۆزێف بۆرێڵ نوێنەری باڵای یەكێتی ئەوروپا لە سیاسەتی دەرەكی و كاروباری ئاسایش رایگەیاند: دەستوەردانی هێزە ئەمنییەكانی ئێران لە خۆپیشاندانەكان لە رادەبەدەرەو كوژراو و برینداری لێكەوتۆتەوە، پچڕاندنی ئینتەرنێت و سەكۆكانی نامەگۆڕینەوە بە مانای پێشێلكردنی ئازادی رادەربڕین دێت و یەكێتیی ئەوروپاو وڵاتانی ئەندامی یەكێتیەكە پێیانوایە بەكارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران مایەی قبوڵكردن نیەو ناكرێت رەوایەتی پێ بدرێت.
راشیگەیاند: چاوەڕێ دەكەن ئێران بەزوترین كات سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان لەرێگەی بەكارهێنانی توندوتیژیەوە رابگرێت و دەستەبەری دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت و ئاڵوگۆڕی ئازادانەی زانیاریی بكات، هاوكات چاوەڕوانین ئێران ژمارەی كوژراوان و دەستگیركراوان ئاشكرا بكات، ئەو خۆپیشاندەرانەش ئازاد بكات كە توندوتیژیی بەكارناهێنن و مامەڵەی گونجاو لەگەڵ دەستگیركراوەكاندا بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group