بەهۆی پشتگیری خۆپیشاندانەكان كچەكەی رەفسەنجانی دەستگیر كرا

28/09/2022 جیهان

نەوا-
دوای ئەوەی پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشاندانەكانی ئێران راگەیاند، هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە كچەكەی عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی سەرۆكی پێشووتری ئەو وڵاتەیان دەستگیر كرد.
ئاژانسی تەسنیم بڵاویكردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانەكانی ئێران پاشەكشەیان كردووە، بەڵام میدیا خۆرئاواییەكان و میدیای ئۆپۆزسیۆنەكان هەوڵی ئەوە دەدەن كە پیشانی بدەن تاوەكو ئێستاش گرژی لەو وڵاتە بەردەوامە.
ئەوەش هاتووە، بۆ ئەوەش پشت بە هەندێك كەسایەتی دیار دەبەستن و لە رێگەیانەوە پڕوپاگەندە بڵاودەكەنەوە، لەو چوارچێوەیەشدا فایزە هاشمی كچی رەفسەنجانی دەستگیركراوە، ئەوەش بەتۆمەتی هاندان بۆ كاری تێكدەرانە، ناوبراو پێشتریش چەند جارێك بەهۆی پاڵپشتی لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانەكان دەستگیر كراوە.
لەلایەكی ترەوە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، میهران مدیری ئەكتەری كۆمیدی دیاری ئێرانی بەهۆی پشتگیری خۆپیشاندانەكان و ناوبردنی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە نەشیاو و شكستخواردوو قەدەغەی گەشتكردنی بەسەردا سەپێنرا و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت، بەڵام بەپێی وتەی هەندێك سەرچاوەكە ئێرانی جێهێتشووە و چووەتە توركیا، ناوبراو بڕیاریشیدابوو كە چیتر لە تەلەفزیۆنەكانی وڵاتەكەی دەرنەكەوێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group