یونسێف: هێرشكردنە سەر منداڵان و قوتابخانەكانیان قبوڵ ناكرێت

29/09/2022

یونسێف ئیدانەی هێرشكردنە سەر قوتابخانەیەكی شاری كۆیە دەكات و داوا لەهەموو لایەنەكان دەكات رێز لە جاڕنامەی سەلامەتی قوتابخانەكان بگرن.
لە راگەیەنراوێكدا شیما سێنگوپتا نوێنەری یونسێف لە عیراق رایگەیاندوە، یونسێف ئیدانەو سەرزەنشتی ئەو هێرشە دەكات كە كرایە سەر قوتابخانەیەكی نێو كامپی پەنابەران لە كۆیە لە هەرێمی كوردستانی عیراق، بەپێی راپۆرتەكان بەلایەنی كەمەوە دوو منداڵ برینداربون و ئافرەتێكی دووگیانیش گیانیلەدەستداوە. 
راشیگەیاندوە، یونسێف پرسەو سەرەخۆشی لە خانەوادەو دۆستانی ئەو كەسانە دەكات كە بونەتە قوربانی و هیوای چاكبونەوەی خێراو تەواو بۆ منداڵە بریندارەكان دەخوازێت، هێرشكردنە سەر منداڵان و قوتابخانەكانیان قبوڵ ناكرێت و دەكرێت بە پێشێلكاریەكی گەورەی مافەكانی منداڵانی دابنرێت، پێویستە هەمیشە دامەزراوەكانی قوتابخانە شوێنی سەلامەتبن بۆ هەموو منداڵێك، بەشێوەیەك كە منداڵان بتوانن لەوێ فێرببن، گەمە بكەن و گەشە بكەن تاوەكو تەواوی تواناكانیان دەردەكەوێت.
یونسێف لە راگەیەنراوكەشیدا داوای لە هەموو لایەنەكان كردوە كە منداڵان هەموو كاتێك لە هەر بارودۆخێكدا لە هەموو جۆرە توندوتیژییەك بپارێزن، هەروەها رێز لە جاڕنامەی سەلامەتی قوتابخانەكان بگرن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group