پەرلەمان داوا لەحكومەتی عیراق دەكات پەلە بكات لەناردنی پرۆژە یاسای بودجە

30/01/2023 عێراق

نەوا-
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوا لەحكومەت دەكات پەلە بكات لەناردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023.
لە راگەیەنراوێكدا ئەحمەد موزهر جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندوە، 4 مانگ بەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێدا تێپەڕیوە داوا لە حكومەتی عیراق دەكەین بەجدی كاربكەن و پەلە بكەن لەناردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 تا لیژنەكەیان لەماوەیەكی دیاریكراودا گفتوگۆی لەبارەوە بكات.
راشیگەیاندوە، ناكرێت كات بەفیڕۆ بدرێت كە كاریگەریی بكاتە سەر گەلی عیراق و هەژارەكان، چونكە وڵات پێویستی بە دەركردنی یاساكە هەیە.
جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق باسی لەوەشكردوە، یاسای بودجە پەیوەندی بە چینە هەژارەكان و توێژەكانی خانەنشین و گرێبەست و ئەوانەوە هەیە كە بە كرێی رۆژانە كاردەكەن چاوەڕوانی ناردنی پرۆژەكە دەكەن تا گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت بۆ پەسەند كردنی، بۆیە پێویستمان بە بەرپرسیارێتی یاسایی و دەستوری هەیە تاپێوەی پابەند بین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group