بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی دایكان و باوكان ئاگادار دەكاتەوە

01/02/2023 هەمەڕەنگ

نەوا -
دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی مناڵان دایكان و باوكان ئاگادار دەكاتەوە لەوەی كە شەپۆلێكی تا و كۆكە و هەناسەتوندی لەنێو منداڵاندا بڵاوبووەوە، خۆیان بەدوور بگرن لە دەرمان و پشكنینی ناپێویست و لەكاتی پێویستدا سەردانی نەخۆشخانە بكەن.
دكتۆر پشدەر بڵاویكردووەتەوە، لە ئێستادا شەپۆلێكی تا و كۆكە و هەناسە توندی و خیزەی سنگ لەناو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە بە تایبەت منداڵانی خوار دوو ساڵ، بەشێك لە توشبووان مندڵی تازە لەدایكبوون،بەشی هەرە زۆریان توشبووی ڤایرۆسین، بەشێكی كەمیشیان توشبووی بەكتریان.
رونیشیكردووەتەوە، ئەگەر حاڵەتەكان سووك بوون ئەكرێت هەر لەماڵەوە چارەسەر بكرێن بەڵام ئەگەر هەناسەیان زۆر تووند بوو، شیر خواردن یاخود خواردنیان باش نەبوو، لێو شین بوونەوەیان هەبوو، گەشكەیان تووشبوو، هۆشیان خراپ بوو، نیشانەكانی وشكبونەوەیان هەبوو، تەمەنیان بچووكتر بوو لە ساڵ یاخود رشانەوەیان هەبوو، دەبێت بەزوترین كات سەردانی نەخۆشخانە بكەن بۆ ئەوەی پزیشكی پسپۆڕ چارەسەر بۆ منداڵەكە بكات.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال داواش لە دایكان و باوكان دەكات، خۆیان بەدوور بگرن لە دەرمان و فەحسی ناپێویست، چونكە هەزاران جار مەترسیدارترە لە خودی نەخۆشیەكە ئەگەر پێویستی نەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group