وەزیری ناوخۆ: لە فڕۆكەخانەی هەولێر هیچ كێشەیەكی ئەمنی روینەداوە

05/02/2023

نەوا - 
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، لە فڕۆكەخانەی هەولێر تاوەكو ئێستا هیچ كێشەیەكی ئەمنی روینەداوە، كە هۆكارەكەی كەمتەرخەمی دەزگاكانیان بێت و ئامانجیان سەلامەتی كارمەندان و گەشتیارانە.
لە میانەی سەردانی شاندێكی رێكخراوی نێودەوڵەوتی ICAO بۆ ئەنجامدانی پشكنین و هەڵسەنگاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، رێبەر ئەحمەد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، خۆشبەختانە تاوەكو ئێستا هیچ كێشەیەكی ئەمنی لە فڕۆكەخانەكە روینەداوە كە دەرئەنجامی كەمتەرخەمی دەزگاكانیان بێت، لەوانەیە هەندێك كەس ویستبێتیان بەدەر لە رێكارەكان و پێچەوانەی یاسا گەشت بكەن، بەڵام رێكاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر.
باسی لەوەشكردووە، ئامانجی ئەوان وەكو حكومەتی هەرێم ئەوەیە كارمەندانی فڕۆكەخانەكە و ئەوانەی گەشت ئەنجام دەدەن سەلامەت بن.
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم هێمای بۆ ئەوەشكردووە، بۆ یەكەمجارە لە مێژوودا هەڵسەنگاندن بۆ فڕۆكەخانەكانی عیراق دەكرێت، یەكەمجاریشە رێكخراوێكی نێودەوڵەتی لە ئاستی بەرز لە فڕۆكەخانەی هەولێر ئامادەییان دەبێت و ئەوەش كارێكی زۆر گرنگە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group