بڕیارێكی پارێزگاری كەركوك ناڕەزایی لێكەوتەوە

05/02/2023

نەوا-
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، دژی دەستبەكاربونی قائیمقامی نوێی قەزای داقوق.
دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردۆتەوە، پارێزگاری سەپێنراوی كەركوك جارێكی دیكە دور لە رەچاوكردنی هاوسەنگی نێوان پێكهاتەكان ناوی كەسێكی لە پێكهاتەی عەرەبی بەرزكردوەتەوە تا بكرێتە قائیمقامی قەزای داقوق، ئێمە ناڕەزایی توندی خۆمان دەردەبڕین و دژی دەستبكاربونی ئەو كەسە دەوەستینەوە، ئەو پۆستە پشكی كوردەو هیچ جۆرە سازشێكی لەسەر ناكەین.
ئاشكراشیكردوە، پێویستە سەرۆك وەزیرانی عیراق تێگەیشتنێكی جیاوازی بۆ دۆخی پارێزگای كەركوك و پۆستەكان هەبێت و رەچاوی هاوسەنگی نێوان پێكهاتەكان بكات، ئێمە لەم روەوە ئاگاداری دەكەینەوەو فشارەكانمان چڕدەكەینەوە بۆ راگرتنی دەستبەكاربونی ئەو كەسە، بەرپرسیارێتی رودانی هەر روداوێكی نەخوازراو كە ببێتەهۆی تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و نێوانی پێكهاتەكان دەخەینە ئەستۆی سەرۆك وەزیران و پارێزگاری سەپێنراوی كەركوك.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەشیكردوە، قەزای داقوق دوو نوێنەری لە پەرلەمانی عیراق هەیە، ئێمە هیچمان رازی نین قائیمقامێك لە پێكهاتەی عەرەبی بۆ قەزاكە دابنرێت جەخت دەكەمەوە كە ئەو پۆستە پشكی كوردەو سازشی لەسەر ناكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group