بەرهەم ساڵح لەبارەی كاندیدبونی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری رونكردنەوە دەدات

02/09/2018

نەوا – سەعید عەبدوڵڵا – هەولێر

نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە هەولێر كۆبونەوە و سەرۆكی هەردوو شاندەكەش رونكردنەوەیان لەبارەی كۆبونەوەكە و تێڕوانینیان بۆ دۆخی سیاسیی هەرێم و عیراق دەربڕی.
لە پاش كۆبونەوەكەش، لە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشدا، د.بەرهەم ساڵح وتی "نە من خۆم كاندید كردووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نە هاوپەیمانی كاندیدی كردوم، هەندێك كەسیش لەملا و لەولا ئەو باسەیان كردۆتەوە، بەڵام من هیچ قسەیەكم تێدا نەكردوە".
وتیشی "بڕیاریمان داوە بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەین، چونكە تێبینیمان لەسەر پرۆسەكە هەیە".
هەروەها جەختیكردەوە، كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە دیالۆگی نیشتمانییە و دەیانەوێت كوردستان یەكبخرێتەوە، بۆئەوەی لەگەڵ مەترسیەكان مامەڵە بكەین بۆ بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان.
هەروەها باسی لەوەشكرد، هاوپەیمانی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا ناكات و لەئێستاشدا سەرقاڵی رێكخستنەوەی ناوماڵی خۆیانن.
لەلایەن خۆیشیەوە نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، لە كۆبوونەوەكەدا باسی هەڵبژاردنەكانی هەرێم و پێكهێنانی حكومەتی تازەی عیراقی كرا.
لەبارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمیش، نێچیرڤان بارزانی وتی "رێز لە بڕیاری هەر لایەنێك دەگرین، كە بەشداری ناكات و ئەو هەڵبژاردنانەش لە كاتی خۆیاندا دەبن".
هەروەها لەبارەی سەردانیان بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان، جێگری سەرۆكی پارتی وتی "لەم یەك دوو رۆژەدا سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین".
هەرچی بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێمیشە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە حكومەتی هەرێم بریاری هەڵبژاردنی داوە، ئێستاش هیچ هۆكارێك نابینن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم كاتێكیش ئەو بابەتە دێتە ئاراوە كەس داوای نەكردووە.
لەبارەی بەشداری هەرێم لە بەغدا، بارزانی وتی "رەشنووسێكی فراوانمان هەیە بۆ ئەوەی هەمووان بەیەكەوە بچینە بەغدا، بەڵام تائێستا لە بەغدا هیچ لایەنێك وەك گەورەترین قەوارە خۆی رانەگەیاندوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group