نەوا-
قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردوەتەوە، بە مزوانە شاندێكی باڵای هاوبەشی ئەمنی بەغدادو هەولێر دەچنە تارانی پایتەختی ئێران لە چوارچێوەی كارەكانی لیژنەی باڵای ئاسایشی عیراق و ئێراندا.
ئاماژەشیكردوە، شاندەكە كۆبونەوەكان ئەنجامدەدەن بۆ تاوتوێكردنی ئەو هێرشانەی كە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عیراقیان كردە ئامانج لەماوەی پەرەسەندنی سەربازیی ناوچەكەدا، ئەمە جگە لە گفتوگۆكردن لەسەر دۆسییە ئەمنییەكانی بەرژەوەندی هاوبەش بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان.
سەبارەت بەپەیوەندییەكانی نێوان عیراق و هەرێمی كوردستان ئەعرەجی راشیگەیاندوە، لێكتێگەیشتنێك لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و ناكۆكییەكانی نێوان هەردوولا، ئەمەش كاریگەری ئەرێنی لەسەر هەمو هاووڵاتیان دەبێت.