لەگەڵ ڕووداوەكان پێشکەشکار : ڕوناك ڕەفیق

روداوو گۆرانكاریەكانی هەرێم خێراو بەیەكداچون، ئێمە لەپرۆگرامی لەگەل روداوەكان راڤەو شیكاری هەمو ئەم روداوو گۆرانكارییانە دەكەین كە كاریگەرییان لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە هەیە. لەگەل روداوەكان پرۆگرامێكی رۆژانەیە، رۆژانی یەكشەممە تا پێنج شەممە لە دوای هەواڵی كاتژمێر 4ی پاش نیوەرۆ پێشكەشتان دەكرێت ، ئێوەشبیسەرو بەشداربن

وابڕیارە بەم نزیكانە شاندی پارتی بە مەبەستی تاوتوێ كردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی داهاووی حكومەتی هەرێم سەردانی شاری سلێمانی بكات، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ئەو حزبە كاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت دیاری كرد، كە مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشە. ئەوەی لە قسە و لێدوانەكانی بەرپرسانی پارتی دەردەكەوێت ئەوەیە كە پێناچێت كۆمەڵی ئیسلامی لە ناو ئەو لایەنانەدا بێت كە پارتی بەسەریان دەكاتەوە، بەتایبەتی كە لە گەڕی پێشووی سەردانەكەشی بۆ سلێمانی، وەفدی پارتی لە گەڵ كۆمەڵ كۆنەبووەوە. هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانیشە كە بەوتەی سەرچاوەیەكی باڵای ئەو حزبە كە قسەی بۆ نەوا كرد، چاوەڕوانن وەفدەكەی پارتی سەردانیان بكات و بزانن چییان پێیە، دواتر ئەمە جڤاتی نیشتمانی گۆڕانە كە بڕیار لە بەشداری لە حكومەت یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن دەدات. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا پارتی 45 كورسی، یەكێتی 21 و گۆڕان 12 كورسی بەدەستهێنا و تا ئێستاش هەر یەك لە نەوەی نوێ كە خاوەنی 8 كورسیە، یەكگرتوو كە 5 كورسی هەیە و حزبی شیوعی كە یەك كورسی هەیە، ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان راگەیاندووە، ئایا كۆمەڵی ئیسلامی بە 7 كورسیەوە، وەك ئاماژەكانی دیار لە حكومەت پەراوێز دەخرێت و لەگەڵ ئەو هێزانەی تر دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، یان هاوهەڵوێستیان لەگەڵ گۆڕان لە زۆربەی وێستگەكانی ساڵانی رابردوو كاردەكاتە سەر ئەو بابەتە؟ ئاخۆ پێداگری پارتی لەسەر ئەوەی گۆڕان بچێتە ناو حكومەتەوە، تەنها پەیوەندی بە ململانێكانی لەگەڵ یەكێتیەوە هەیە، یان ئەوەی كە نایەوێت بەرەی ئۆپۆزسیۆن فراوان بێت؟ لەگەڵ سەلیم كۆیی ئەندامی سەركردایەتی‌و بەرپرسی پەیوەندیەكانی كۆمەڵی ئیسلامی، ئەندازیار عومەر عینایەت ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان، عەتا شێخ حەسەن وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی- هەڵەبجە گفتوگۆمان لەسەر ئەم پرسە كرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group