یاسای نوێی هەڵبژاردن كێ دژی بوو؟

سەركەوت شەمسەدین

25/12/2019

یاسای نوێی هەڵبژاردن كێ دژی بوو؟ بۆ دژ بوون؟ كێ لە پشتەوە سەفەقەیكرد؟ چۆن بارزانی چارەنوسی كەركوكی خستە قومارێكی ترسناكەوە؟
هەفتەی رابردوو گروپی (15) بە وردی تاووتوێی بڕگە و مادەكانی یاسای هەڵبژاردنی كرد كە بێ چارەسەر تێپەڕی لەمپەری گەورە دروستدەكات لەبەردەم پاكی و بێ خەوشی هەڵبژاردن، بۆیە داوامانكرد پرۆژەكە وۆرك شۆپ و كۆنفرانسی زیاتری بۆ بكرێت تا نەكەوینە هەڵەیەكی تری وەك ئەوەی یاسای نوێی كۆمسیۆن كە كەس نازانێ دادوەرەكان چۆن هەڵدەبژێردرێن و كەسیش دڵنیانییە لە دوبارەنەبونەوەی ساختەكاری.
پارتی هەرچەندە نەیدەویست هۆڵی كۆبونەوە جێبهێڵێ، چونكە رێككەوتنی نهێنی لەگەڵ سوننەكان هەبوو لە موسڵ، بەڵام مسۆگەر نەبوو بۆیە بۆئەوەی وا خۆی نیشانبدات ناڕازیە لەگەڵ گروپی (15) و یەكێتی ئەوانیش هاتنەدەرەوە. بەڵام سەرەتای ئەم هەفتەیە حەلبوسی لە هەولێر لەگەڵ بارزانی رێككەوتنێكی نهێنیان كردبوو كە تارادەیەك پارتی بتوانێ لە موسڵ كورسیەكانی خۆی لەدەستنەدا، بەڵام كەركوك بە موعەلەقی ماوەتەوە و بەپێی پلانێكی حەلبوسی-یش رەنگە كورد لە كەركوك ژمارەی كورسیەكانی سێ بۆ چوار كورسی لە كۆی 12 دابەزێت، ئەوەش بە موبارەكەی بارزانی گۆڕدرایەوە بە موسڵ.
بۆیە لە دانیشتنەكەدا پارتی و تاكە پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ نیسابیان نەشكاند (پارتی نیوەی لە ژورەوە بوو نیوەی لە دەرەوە ئەوەش هەم بۆ پاراستنی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ حەلبوسی و هەم بۆ پیشاندانی هاوهەڵوێستی ساختە لەگەڵ كوتلە كوردستانیەكان).
1-بەپێی ئەم یاسایە بازنەی هەڵبژاردن لە پارێزگاوە دەبێتە قەزا و بەپێی ژمارەی دانیشتوان ژمارەی كورسی بۆ قەزاكان دیاری دەكرێت. بۆ نمونە هەڵەبجە وەك قەزا خاوەن زیاتر لە 100 هەزار دانیشتوانە و كورسییەكی بەردەكەوێت و منافەسە بۆ یەك كورسی-یە لەنێوان سەرجەم كاندیدەكان. قەزای سلێمانی 600 هەزار دەنگدەری هەیە شەش كورسی بۆ دادەنرێت و مونافەسە بۆ بردنەوەی ئەو شەش كورسیەیە.
2-بەپێی ئەم یاسایە حزب هیچ رۆڵی نامێنێ، بەڵكو سەرجەم كاندیدەكان بەدەنگی راستەقینەی خۆیان سەردەكەون دەبێ سەربكەون ئەگینا دەنگی لیست ناچێت بۆ هیچ كاندیدێك، ئەم خاڵە وەك گروپی (15) بەسەركەوتنی ئەزانین بۆ نەمانی هەیمەنەی حزب.
3-ئەم یاسایە دەنگدانی بە ئەلیكترۆنی هێشتەوە لەگەڵ بژاردنەوەی ئەلیكترۆنی وەك پێشتر كە ئەمەش دەرگای گەورەی بەڕوی ساختەكاریدا هێشتەوە بۆ پارتی و یەكێتی، ئیتر شاگەشكەبونی نەوەی نوێ بەم یاسایە نازانم لە گێلێتیەوەیە یان رق و كینە؟
4-بۆیە ئەو ناڕەزاییەی دوای دەرچونی یاساكە ناڕەزایی گروپی (15) بوو، بەڵام بۆ فریودانی خەڵك بەشێك لە پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی خۆیان خزاندە ناوی ئەگینا تەنیا گروپی (15) بەجدی رەخنەی لە م یاسایە هەبوو وەك پاكێج بەتایبەتی خاڵی سێیەمی ئەم نوسینە لەگەڵ بونی چەندین لوغمی تر، كە كارئاسانی بۆ تەزویر دەكات دواتر دەردەكەون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group