ئایا ئەركی پەرلەمانتار كاری خێرخوازیە؟

بەهرۆز عەلی

31/03/2020

كاری خێرخوازی لە بنەرەتدا ئەركی  كۆمەڵە و  دامەزراوەی  تایبەت بە  خێرخوازی  و رێكخراوە ناحكومییەكانی بواری مرۆییە، لەگەڵ ئەو كۆمپانیا و سەرمایەدارانەی  بەئارەزومەندی  كاری خێرخوایی دەكەن.
لە هەرێمی كوردستان چونكە دامەزراوەی  پەرلەمان  دامەزراوەیەكی  سیستماتیك نییە و كەمتر كاری خۆی دەكات، بەهەمان شێوەش  زۆرجار كاری پەرلەمانتاری كارە تایبەتمەندە  بنەڕەتیەكەی خۆی نیە، پەرلەمانتار دەبێت كارەكانی بۆ گەڕان و  بەدواداچوون و  دۆزینەوەی  كێشە و  چارەسەری كێشە و میكانیزمی چارەسەری كێشە تەرخان بكات، نەك بۆ كاری تر، كە هی ئەو نییە، هەرچەندە بەهۆی ئەو مووچە زۆرەی بۆیان بڕاوەتەوە و هاوكاریی خەڵكانی كەمدەرامەتی پێبكەن جێگەی دەستخۆشییانە، بەڵام باشتر وایە ئەوان بەكاری خۆیان خەرێك بن، ئەویش دانانی یاسا و ستراتیژی بەڕیوەبردنی دەوڵەتە.
هۆكاری ئەوەی  كە خەڵك و رێكخراوەكان بۆ پەرلەمانتاریان كردوە بە سەرچاوەی  خێرخوازی و داوای  هاوكارییان لێدەكەن، بۆ ئەوە  دەگەرێتەوە، كە  مووچەكانیان زۆر ناسروشتی زیاترە لە ئەركەكانیان، كەواتە ئەوەش ناگەڕێتەوە بۆ  كەموكورتی خۆیان، ئەم هۆیە دەگەڕێتەوە بۆ  حكومەت  كە ئەو مووچە زۆرەی بۆ پەرلەمانتارن  دیاریكردوە، ئەگەر مووچەكانیان بەم شێوەیە زۆر نەبێت خەڵك و كۆمەڵەكانیش  داوای هاوكاری و خێر و سەدەقەیان لێناكەن، بەڵكو ئەو كاتە  كاتەكانیان بۆ ئەركە سەرەكییەكەی  خۆیان تەرخان دەكرد.
سەرمایەدارێك ئەگەر ملیۆنێك دۆلاریشی خستبێتە پرۆژەیەكەوە، ڕەنگە لەمانگێكدا دەستكەوت و قازانجەكەی هێندەی مووچەی پەرلەمانتارێك نەبێت، بۆیە خەڵك وەك پەرلەمانتار، پەرلەمانتار  نابێنێت، بەڵكو وەك سەرمایەدار سەیریان دەكات و بوونەتە مایەی سەرچاوەی خێرخوازی.
مووچەی پەرلەمانتار لە سەردەمی پادشایەتی لە عێراق، ئەوەندەی مووچەی  بەرێوەبەرێكی قوتابخانەیەكی سەرەتایی بوو، بەڵام نوێنەرەكانیان ئەوپەڕی كاری نەوعییان دەكرد و جێدەستیان دیاربوو، هەرچەندە زۆربەیان سەر بە چینی ئەرستۆكراتی و سەرۆك هۆز و  ئەفەندیەكان بوون، بۆ نموونە بروانە ئەرشیفی دانیشتنەكانی ئەودەمە، بزانە چۆن نوێنەرە كوردەكان بەرگرییان لە لیواكانی كوردستان كردوە، لە گەیاندنی خزمەتگوزاری و زیاتركردنی ژمارەی مۆزەف و كاربەدەستی میری و زۆركردنی فەرمانگەی حكومی و قوتابخانە لە ناوچە دورە دەستەكان .
باشتر وایە جارێكی تر حكومەت بە مووچەی پەرلەمانتاران و پلەباڵاكاندا بچێتەوە و لە ئاستیكی گونجاودا رێكیان بخاتەوە، ئەو كاتە سوودمەندی یەكەم پەرلەمانتاران خۆیان دەبن، چونكە نە كەس هەراسانیان دەكات و نەكەسیش  كاتیان  دەگرێت  بۆ خێر و سەدەقە، بەڵكو كاتیان بۆ كارە بنەرەتی و تایبەتیەكانی خۆیان تەرخان دەكەن، چونكە ئەركی پەرلەمانتاری كاری خێرخوایی و سەردانكردن و دەستگیرۆیكردنی نەخۆش و خەڵكی كەمدەرامەت و  دیاریبردن نییە بۆ بۆنە كۆمەڵایەتیەكان، لە بری ئەوە دەبێت  حكومەت ئەو خەرجیە ناپێویست و زیدەرۆییانە بخاتە ناو سندوقێكی تایبەت و بەسەرپەرشتی دامەزراوەیەكی چاودیریی كۆمەڵایەتی لە پرۆژەی وەبەرهینان بەگەری بخات و داهاتەكەی بۆ هەژاران و كەمدەرامەتان خەرج بكات، ئەو كاتە نەك وەك سەدەقە، بەڵكو وەك ئەرك دەیبەخشێ و مرۆڤی  هەژاریش وەك مافی خۆی  وەریدەگرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group