لە دوا دیدار لەگەڵ ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) دا ..

محەمەد ئەمین پێنجوێنی

10/06/2020

هاوڕێ و دۆستی بەرێزو خۆشەویستم ( ئازادی مستەفا خۆشناو) سەردانی کردم و گوتی: لەم ڕۆژانەدا نەوە گیان دەڕوات بۆ لەندەن بۆ چارەسەری پزیشکی، چونکە ...
ڕەوشی تەندروستی خراپە و لەوانەیە چاومان پێی نەکەوێتەوە، گوتی من وەکو پزیشکێک دەڵێم دەڕوات و نایبینینەوە، دەڵێی چی سەردانێکی بکەین؟
هەروەها گوتی، من پێش ماوەیەک بینیومە و هەواڵی تۆی پرسیوە، نەوەکو کارێکی پێت هەبێت ..!!
منیش ئامادەییم دەربڕی،
ئیتر ئازاد رۆژ و کاتی بینینەکەی ئامادە کرد و لە گردەکە لە خانووێکی سادە، کە دوو تاک قەنەفە و کورسی و مێزێکی تێدا بوو، دیداری (نەوشیروان مستەفا)مان ئەنجام دا.
ئێمە وا بڕیارمان دابوو، کە ١٠ تا ١٥ خولاک لە لای بمێنینەوە، بەڵام ئەو زیاتر لە یەک کاتژمێر گلی داینەوە و دەستمان کرد بە قسە کردن.
ئازاد: نەوە گیان، هەتا زوو بچیت بۆ چارەسەر باشترە، من وەک هاوڕێ و پزیشک پێت دەڵێم
نەوشیروان: باشە ئازاد باش، واز لەوە بێنە .
نەوشیروان ڕووی کردە من و گوتی:
هەڤاڵەکانت چۆنن؟
منیش گوتم: لەگەرمەی شەڕی سەربازی، سیاسیی و میدیاییدان لەگەڵ دەوڵەتی تورک و ئەم شەڕەشیان چارەنووسسازە، چونکە دەوڵەتی تورک بڕیاری داوە، ئەگەر بکارێت، رۆڵی پەکەکە لە شانۆی سیاسی ناوچەکەدا لاواز و بێ کاریگەر بکات.
نەوشیروان مستەفا: ئەزانیت ئەوانیش لەم ساڵانەی دواییدا هەندێک هەڵەی ستراتیژیان کرد ...
منیش گوتم، بەڵێ راستە کۆنگرەیان گرت و رەوشی خۆیانیان تێدا تاوتوێ کردووە.
ئینجا هاتینەوە سەر باسی خۆمان و رەوشی باشوور 
من وتم کاک نەوشیروان
کە لە ئەوروپا هاتمەوە، یەکسەر هاتمە لای جەنابت، لە ماڵی خۆتان دانیشتین، تۆ گوتت: (حەزدەکەم تۆ نەڕۆیتەوە و لێرە بمێنیتەوە، بۆ هەموومان باشە و ئەمە ڕای (مام جەلال)یشە ئێمە لەبەینی خۆماندا باسمان کردوە).
هەندێک تێبینی گرنگیشت پێ دام، هەروەها گوتت ..
ئەگەر منیش نەهاتمەوە ئەوا (مام جەلال) ماوە، هەرچەندە ئێستا ئێمە جیاین، بەڵام هەردووکمان یەک ڕامان هەیە لەسەر بوونی تۆ لە ناوچەکە و ئەو ناوەندگیریانەی کە کردووتە ..
کاک ئازاد گوتی: نەوە ئەی پرۆژەکەت گەیشتە کوێ ؟
( ئاخر ئازاد خۆشناو دوو جار نامەی مام جەلالی لە ڤیەنا،بردبوو بۆ نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە و ئاگری شۆڕش بەرپا بکەنەوە و سەرکردایەتی کۆمەڵە بکات !!)
نەوشیروان مستەفا گوتی: ..
پرۆژەکەی من سێ خاڵی سەرەکی لە خۆگرتووە
١- هێورکردنەوەی نێوان ئێمە و یەکێتی و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی یەکگرتنەوە یان ڕێکەوتنی ستراتیژی ! هەرچەندە ئەمە زەحمەتە !!.
٢- ئۆتۆنۆم کردنی (لامەرکەزی دەڤەری سەوز ) .
٣- سەربەخۆ کردنی ئابووری دەڤەرەکە لە دەرهێنانی نەوت و غازدا .
بەوەی خۆمان دەری بهێنین و بیفرۆشین ..
گوتم: رای (مام جەلال) لەمبارەیەوە چییە؟ نەوشیروان مستەفا: لەگەڵ ئەودا بە درێژی باسم کردووە، ئەو هەموو خاڵەکانی لە لا پەسەندە، تەنیا یەک (تەحەفوز)ی هەیە و دەڵێت (نابێت پرۆسەی فیدراڵی تێک بچێت و ریسەکەمان لێ ببێتەوە بە خووری، !! چونکە ئێمە تا ئێستا نە دەوڵەتین و نە سەربە خۆین لەم بڕیارە چارەنووسسازانەدا)
نەوشیروان مستەفا: ئەوە (ئەوان) لە رێگەی تورکیاوە بە ئاشکرا، بە بۆری و بەتەنکەر نەوت دەفرۆشن، ئەی ئێمە بۆ لە ڕێگەی ئێرانەوە نەیکەین ؟
ڕووی کردە من و گوتی: حەمەمین ئەو لیستە ببینە زیاتر لە 10هەزار تەنکەر، بە ژمارە و ناوی خاوەنەکانیانەوە لە دەڤەری ئێمەوە نەوت ئاودیوی ئێران دەکەن.
کاک ئازاد گوتی: هەر وەکو دەزانن (ئەمریکا )ئەمبارگۆی لەسەر ئێران داناوە، ئەی ئەمە چۆن چارەسەر دەکەن؟
نەوشیروان مستەفا: بەڵێ وایە، دەبێت لەگەڵ ئەمریکادا قسە بکەین و ئەمەش چارەسەر بکەین .
هەروەها نەوشیروان مستەفا گوتی: من لەگەڵ مقامەتی بەرزی ئێراندا قسەم کردوە، لەگەڵیاندا ڕێککەوتووم، کە ئێمە لێرەوە بە بۆری نەوت و غازی سروشتی بگەیەنینە کەلار، ئەوانیش لەلای خۆیانەوە بۆریەکان بگەینە ناوچەی کەلار ( هەرچەندە ئەمە هەر قسەیە و نەبووە بە پرۆتۆکۆڵ )..
من گوتم کە وابوو ئێستا زەوینە بۆ یەک گرتنەوە هەیە لەگەڵ یەکێتیدا، تۆزێ گرژ و مات بوو .
وتی دەی فەرموو چۆن؟!
وتم 100 کەس لە ئێوە، 100 کەس لە یەکێتی، بەتایبەتی لە گەنجە هۆشیارەکان کۆبوونەوەیەکی گەورە بکەن و ناوی لێ بنێن کۆبوونەوەی هەوڵدان بۆدانانی میکانیزمی یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی ..
کاک نەوشیروان بەهەستێکی تۆزێ بێ ئومێدیەوە گوتی: ئاخر یەکێتی یەک دەنگ و یەک را نین، باڵ و ڕەوتی جیاجیان، ...
ئەزانی من کۆمەڵەم تێکەڵاوی یەکێتی کردەوە و لەناو یەکێتیدا توانەوە ( هەندێ قسەی تریشی کرد )
ئینجا من گوتم ئێوە کۆمەڵێک کادیری لاوی بەتوانا، شارەزاو و لێهاتووتان هەیە ( لە هەردوولادا )
با لەمانە سەرکردایەتیەکی نوێ دروست بکرێت، ئەوکاتە تۆ ئەتوانی بە ئاسانی پرۆژەکەت جێ بەجێ بکەیت
نەوشیروان مستەفا: من لای ئێوە ددانی پێدا دەنێم، کە لەوەدا هەڵە بووم کە هەموو متمانەم دا بە لاوەکان ..
وتمان بۆچی..؟
گوتی: هەندێکیان تا ئێستاش بەرژەوەندی باڵای گەل و هی خۆیان و حزبەکەیان لەیەک جیا ناکەنەوە
هەندێکیان ئەزمونیان نییەو نهێنی ناپارێزن، هەندێکی تریان زۆر حەز بە خۆدەرخستن دەکەن، بەراستی لە زۆریان نائومێدم !!!
بە داخەوە هەندێکیان بوون بە جاسوس بەسەرمەوە و هەندێک وردەکاری ورد و سەیر و سەمەرەی باس کرد کە ( ئێستا کاتی بڵاو کردنەوەی نییە ) بەڵام کە لە چارەسەر هاتمەوە هەوڵ ئەدەم پاک و پیسێک بکەم و ئابووری ئەم دەڤەرە سەربەخۆ بکەم و سلێمانی و دەورو بەری بکەین بە بەهەشت و گوزەرانی خەڵک باشتر بکەین، ئا بەم شێوەیە منافەسە و پێشبرکێی ئەودیوی دێگەڵە و دەڤەری زەرد دەکەین، چونکە ئێستا باوی شەڕە تفەنگ و شەڕە جنێو و شەڕە ( چەلەحانێ ) نەماوە، بە دەم چایی خواردنەوەوە، نەوشیروان مستەفا ڕوی کردە من و گوتی: بە برادەرەکانی قەندیل بڵێ لە بەینی ئێمە و ئەواندا چەند جار شەڕو شۆڕ رووی داوە، بەناوی منەوە پێیان بڵێ هەندێکی لەیەک تێنەگەیشتن و هەڵە بووە، هەندێکیشی دەستی دەرەکی تێدا بووە و وای لە هەموومان کردووە کە دەستمان بچێتە خوێنی یەکتری.
من بە ئەمانەتەوە(( پەیامی کاک نەشیروانم گەیاند. ))
بەڵام بە داخەوە کاک نەوشیروانم نەبینیەوە هەتا وەڵامەکانی ئەوانی پێ بدەمەوە.
هەر لە درێژەی قسەکانماندا گوتم:
کاک نەوشیروان نەوت سەری زۆر کەسی خوارد، لە عێراقدا لەسەروو هەموویانەوە عەبدولکریم قاسم، ئەحمەد حەسەن بەکرو دارو دەستەکەی، سەدام حوسێن بە داگیرکردنی کوێت چاوبڕینە نەوتی ئەوێ، وا ئێستا غازی سرووشتیشی هاتە سەر، بزانین سەری کێی تر دەخوات.
ئیتر زۆر وردەکاری نهێنی و شتی تر باس کران، کە ئێستا بۆ بڵاو کردنەوە ناشێن، من ئەوەندەم لە بیرماوە بە ئەرکێکی نیشتیمانیم زانی، کە لەم کاتەدا بڵاوی بکەمەوە. لەوانەیە هەندێک پێیان ناخۆش بێت یان هەندێک پێیان خۆش بێت، بەڵام من بڵاوکردنەوەییم بە باشتر زانی و شاهیدەکەشم زیندووە. …
هەروەکو ئاماژەم پێ دابوو، کە نەوت سەری چەند کەس و دەوڵەتی خوارد، ئێستەیش وا دەبینین ئەردۆگان لە پێناوی دەستبەسەرداگرتنی نەوت و گازی لیبیادا، خەریکە شەڕ و ماڵوێرانییەکی تازە لەو ناوچەیەدا هەڵدەگیرسێنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group